‌بیابانی لووت: گەرمترین شوێنی سەر گۆی زەوی

وێستگە ستایل-

بیابانی لووت: گەرمترین شوێنی سەر گۆی زەوی


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کاتێک باس لە گەرمترین شوێنەکانی جیهان دەکرێت، زۆربەی خەڵک بیرییان بۆ بیابانی گەورەی ئەفریقا دەچێت، بەڵام لە ڕاستیدا بیابانی "لووت" لە ئێران پلەی یەکەمی گەرمترین شوێنی گرتووە.


ئەم بیابانە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، ناوچەیەکی فراوان و وشکە کە بەهۆی پێکهاتەی خاکەکەیەوە، گەرمییەکی بێوێنە لەخۆ دەگرێت و مانگە دەستکردەکانی ئاژانسی "ناسا" پلەی گەرمی زۆر بەرزیان تێدا تۆمار کردووە.


لە ساڵانی ڕابردوودا، پلەی گەرمی لە بیابانی لووت گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠.٧ پلەی سەدی، ئەمەش وایکردووە کە ژیان بۆ مرۆڤ و زۆرێک لە زیندەوەران لەو ناوچەیەدا مەحاڵ بێت، زۆربەی ڕووبەرەکەی لە بەردی ڕەش و کێڵگەی خوێ پێکهاتووە کە تیشکی خۆر هەڵدەمژن.


ئەم بیابانە لە ساڵی ٢٠١٦دا خرایە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی "یونسکۆ"ەوە، نەک تەنها بەهۆی گەرمییەکەی، بەڵکو بەهۆی شێوە زەویناسییە سەرنجڕاکێشەکانی وەک "کەلووتەکان" کە تاشەبەردی زەبەلاحن و بەهۆی باوە تاشراون.


سەرەڕای ئەو گەرمایە، بیابانی لووت جوانییەکی سحراوی هەیە و ساڵانە زانایان و گەشتیارانی سەرکێش ڕووی تێدەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی گونجانی ژینگەیی لە بارودۆخە سەختەکاندا.


سەرچاوە: ئاژانسی ناسا و ڕێکخراوی یونسکۆ.


PM:11:56:17/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل