‌شانازییەکی نوێ بۆ وێژەی کوردی؛ بورهان سۆنمەز خەڵاتی جیهانیی هێمینگوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەدەستهێنا

وێستگە ستایل-

شانازییەکی نوێ بۆ وێژەی کوردی؛ بورهان سۆنمەز خەڵاتی جیهانیی هێمینگوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەدەستهێنا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە پێشهاتێکی کەم وێنە و گەورەدا بۆ کایەی ئەدەب و وێژەی کوردی، ڕۆماننووسی ناسراوی کورد بورهان سۆنمەز توانی ناوی خۆی وەک براوەی خەڵاتی ئەدەبیی "هێمینگوەی" بۆ ساڵی

٢٠٢٦ تۆمار بکات. ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدایە کە ڕکابەرییەکی زۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە هەبوو، بەڵام کارە ناوازەکانی سۆنمەز سەرنجی لیژنەی داوەرییان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و وەک یەکێک لە درەوشاوەترین ناوەکانی ئەمساڵ دەستنیشانکرا.


سۆنمەز لە چوارچێوەی بەشەکانی ئەم خەڵاتەدا، لە خانەی "Witness of our Time" کە تایبەتە بەو نووسەرانەی وەک شایەتحاڵێکی سەردەم و ڕووداوە مرۆییەکان دەنووسن،بوەک براوەی یەکەم دەستنیشانکراوە. خەڵاتی وێژەیی هێمینگوەی بە یەکێک لە دیارترین و بەناوبانگترین خەڵاتە ئەدەبییەکان لە وڵاتی ئیتاڵیا و سەرانسەری ئەوروپا دادەنرێت، کە ساڵانە لەلایەن دەستەیەکی تایبەت و شارەزا لە بواری ئەدەب و ڕەخنەدا، باشترین بەرهەم و نووسەرە کاریگەرەکان دیاری دەکرێن.


بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٧ی حوزەیرانی داهاتوودا، لە مەراسیمێکی شکۆداردا لە یەکێک لە شارۆچکە مێژووییەکانی وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی هێمینگوەی بە فەرمی پێشکەش بە بورهان سۆنمەز بکرێت. ئەم خەڵاتە تەنها بۆ کارێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو وەک ڕێزلێنانێکە بۆ کۆی کاروانە ئەدەبییەکەی سۆنمەز و ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کە لە ڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە لەسەر خوێنەرانی جیهان دروستی کردووە، بەتایبەت لە گواستنەوەی ئازار و هیواکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەدەبێکی بەرزدا.


بورهان سۆنمەز کە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی باکووری کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن پێگەیەکی جێگیرە و بەرهەمەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون. تەوەری سەرەکی کارە وێژەییەکانی ئەو هەمیشە لە دەوری چەمکە قووڵەکانی وەک دادپەروەری، پاراستنی شکۆی مرۆڤ، زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکان و خەبات بۆ ئازادی دەسوڕێنەوە. ئەم شێوازە لە نووسین وایکردووە کە کارەکانی سۆنمەز سنوورەکان ببەزێنن و لە ناوەندە ئەدەبییەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا بە بایەخەوە لێیان بڕوانرێت.


بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە لەلایەن نووسەرێکی کوردەوە، وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ زمان و وێژەی کوردی لە قەڵەم دەدرێت، چونکە جارێکی دیکە سەرنجی جیهان بۆ لای توانستە ئەدەبییەکانی کورد ڕادەکێشێت و دەیسەلمێنێت کە ڕۆماننووسی کورد دەتوانێت لە ڕیزبەندی پێشەوەی نووسەرە جیهانییەکاندا بێت. ئەمە دەرگایەکی نوێ بۆ ناساندنی زیاتری دۆزی کورد و کولتووری ناوچەکە لە ڕێگەی وێژەوە بە ڕووی جیهاندا دەکاتەوە.


سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییە ئەدەبییەکانی ئیتاڵیا و ماڵپەڕی فەرمی خەڵاتی هێمینگوەی.


PM:09:33:14/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل