‌مەکسیک ڕێگری لە فرۆشتنی شوێنەوارە تاڵانکراوەکانی دەکات

وێستگە ستایل-

مەکسیک ڕێگری لە فرۆشتنی شوێنەوارە تاڵانکراوەکانی دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەوڵەتی مەکسیک بۆ پاراستنی ناسنامە و مێژووەکەی، لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە توانییان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ڕێگری بکەن لەنفرۆشتنی دەیان پارچەی کۆنی مێژوویی کە لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەی نایاسایی تاڵان کرابوون و گواسترابوونەوە بۆ دەرەوەی وڵات.


 بڕیار وابوو لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا و لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە، نزیکەی 80 پارچە شوێنەواری دێرینی مەکسیکی کە پێکهاتبوون لە پەیکەر، بەرد و سیرامیکی مێژوویی بفرۆشرێن، بەڵام هەر زوو لە لایەن ئاژانسی فیدراڵیی مەکسیک و پەیمانگەی نیشتمانیی مەکسیک بۆ مێژوو و مرۆڤناسی (INAH)، ڕێگرییەکی یاسایی توند لەو مامەڵەیە کرا و پرۆسەکە پەکخرا.


بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەم پارچە گرانبەهایانە کە بەهایەکی مێژوویی بێوێنەیان هەیە، بە شێوەیەکی نایاسایی و بە قاچاخ گەیەندراونەتە خاکی ئەمریکا. مێژووی ئەم پارچە دۆزراوانە بۆ سەدە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە و گوزارشت لە قۆناغە زێڕینەکانی شارستانییەتی ناوچەکە دەکەن، کە وەک بەشێک لە سامانی نیشتمانیی مەکسیک ئەژمار دەکرێن و مامەڵەکردن پێیانەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی قەدەغەیە.


ئەم شوێنەوارانە تەنها کەلوپەلی کۆن نین، بەڵکو بەشێکی گرنگیان گوزارشت لە مێژووی بنیادنانی هاوچەرخی شاری مەکسیکۆ و قۆناغەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی مەکسیک دەکەن. لە نێویاندا چەندین پەیکەر و فیگەری مرۆیی هەن کە ڕەنگدانەوەی ژیار و کولتووری دێرینی ئەو وڵاتەن، ئەمەش وای کردووە لایەنە فەرمییەکان بە هەموو شێوەیەک دژی کڕین و فرۆشتنیان بوەستنەوە و وەک بەشێک لە شکۆی نیشتمانی سەیری بکەن.


مەکسیک لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵمەتێکی جیهانیی بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارییە تاڵانکراوەکانی دەستپێکردووە و ئەم هەنگاوەی کۆلۆرادۆش بە دەستکەوتێکی دیکەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە پاراستنی کەلەپوورەکەیدا. بەرپرسانی مەکسیک دووپاتی دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی مەزادە جیهانییەکان تاوەکو ڕێگری بکەن لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت مێژووی وڵاتەکەیان بکاتە کاڵایەکی بازرگانی.


ئاژانسە هەواڵییەکان


PM:06:27:14/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل