ئەمازۆن؛ دارستانە پڕ لە نهێنی و سەیرو سەمەرەکانی سییەکانی زەوی
وێستگە ستایل-
ئەمازۆن؛ دارستانە پڕ لە نهێنی و سەیرو سەمەرەکانی سییەکانی زەوی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
دارستانی ئەمازۆن گەورەترین دارستانی باراناوییە لە جیهاندا، کە ڕووبەرەکەی زیاتر
لە ٥.٥ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ئەم دارستانە هێندە گەورە و ئاڵۆزە کە زاناکان
پێیان وایە تا ئێستا تەنها بەشێکی کەمی نهێنییەکانیان دۆزیوەتەوە. ئەمازۆن نەک
تەنها نشینگەی ئاژەڵانە، بەڵکو ڕێکخەری سەرەکی کەشوهەوای گۆی زەوییە.
یەکێک لە سەیرو سەمەرەکانی ئەمازۆن، فرەچەشنی ژیانی تێیدایە. لێرەدا دەتوانیت
"دۆلفینی پەمەیی" ببینی کە تەنها لە ئاوی شیرینی ڕووباری ئەمازۆندا دەژی.
هەروەها جۆرە مێروولەیەک هەیە بە ناوی "مێروولەی فیشەک" کە پێوەدانی هێندە بە
ئازارە وەک ئەوە وایە فیشەکت پێوە بنرێت. جگە لەوەش، گەورەترین ماری جیهان
"ئەناکۆندا" لە زۆنگاوەکانی ئەم دارستانەدا دەژی.
ڕووەکەکانی ئەمازۆنیش کەمتر نین لە ئاژەڵەکانی. هەندێک داری لێیە کە بەرزییان
دەگاتە ٦٠ مەتر و تەمەنیان سەدان ساڵە. جۆرە گوڵێکی لێیە کە بۆنی گۆشتی گەنیو
دەدات بۆ ئەوەی مێش و مێروو ڕاکێشێت. سەیرتر لەوە، زاناکان جۆرە قارچکێکیان
دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت پلاستیک بخوات و تێکی بشکێنێت، کە ئەمە دەکرێت
ببێتە چارەسەرێک بۆ پیسبوونی ژینگە.
ئەمازۆن تەنها دارستان نییە، بەڵکو ماڵی زیاتر لە ٤٠٠ هۆزی ڕەسەنی مرۆڤە. هەندێک
لەم هۆزانە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان بە جیهانی دەرەوە نەکردووە و بە شێوازی
سەدان ساڵ پێش ئێستا دەژین. ئەوان شارەزاییەکی سەرسوڕهێنەریان لە دەرمانە
سروشتییەکان هەیە و دەتوانن زۆربەی نەخۆشییەکان بە گەڵای دارەکان چارەسەر
بکەن.
بەداخەوە، ئەم بەهەشتە سەر زەوییە لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە. ساڵانە ڕووبەرێکی
فراوان لە دارستانەکە دەبڕدرێتەوە یان دەسووتێنرێت بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و
پیشەسازی. لەدەستدانی ئەمازۆن تەنها کارەسات نییە بۆ بەرازیل و وڵاتانی
دراوسێ، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی بەهۆی گۆڕانی
کەشوهەواوە.
سەرچاوە: World Wildlife Fund (WWF) & National Geographic
PM:11:58:26/05/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه