کێبڕکێیەکی توند لە فێستیڤاڵی کان؛ کام فیلم دەبێتە خاوەنی چڵە خورمای زێڕین؟
وێستگە ستایل-
کێبڕکێیەکی توند لە فێستیڤاڵی کان؛ کام فیلم دەبێتە خاوەنی چڵە خورمای زێڕین؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
دوای دەستپێکردنی یەکێک لە گەورەترین و پڕبایەخترین ڕووداوە سینەماییەکانی جیهان،
چاوەکان هەموویان لەسەر وڵاتی فەرەنسان. فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە خولی
نوێیدا بە بەشداریی دەیان ئەستێرە و دەرهێنەری ناوداری جیهانی دەستیپێکرد، کە تێیدا
٢٢ فیلمی بژاردە و هەڵبژێردراو لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی یەکەم
و خەڵاتە هەرە گەورەکە کە "چڵە خورمای زێڕین"ـە، ململانێیەکی سەخت و بێوێنە دەکەن.
ئەم چالاکییە هونەرییە جیهانییە کە لە ١٢ی ئایارەوە دەرگاکانی بەڕووی سینەماکاران و
میدیاکاندا کردووەتەوە، بڕیارە تاوەکو ٢٣ی هەمان مانگ بەردەوام بێت. لە ماوەی ئەم
چەند ڕۆژەدا، فێستیڤاڵەکە دەبێتە ناوەندی نمایشکردنی نوێترین داهێنانە
سینەماییەکان و هەموو ڕۆژێک چەندین فیلم لە هۆڵە جیاوازەکاندا نمایش
دەکرێن. بەڵام گرنگترین سات بۆ هەموو بەشداربووان، شەوی کۆتایی و ڕێوڕەسمی
داخستن دەبێت کە تێیدا لێژنەی دادوەران بە فەرمی ناوی براوەی خەڵاتە
سەرەکییەکە و باشترینەکان ئاشکرادەکەن.
شارەزایان و ڕەخنەگرانی بواری سینەما لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە لێکدانەوە و
پێشبینیکردنی ئەو فیلمانەی کە زۆرترین چانسیان هەیە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە و
سەرنجی دادوەرانیان ڕاکێشاوە. بەپێی نوێترین ڕاپۆرتەکان، پێنج فیلم لە سەرووی
لیستەکەدا دەبینرێن کە ململانێی یەکەم بوون دەکەن. فیلمی (Hope) بە ڕێژەی ١٩٪ وەک
بەهێزترین بەربژێر بۆ بردنەوەی چڵە خورمای زێڕین دادەنرێت، لە دوای ئەویش فیلمی
(Fatherland) دێت کە ١٥٪ی چانسەکانی بۆ تەرخانکراوە. هەروەها فیلمەکانی (Fjord) بە
ڕێژەی ١٢٪ و (Minotaur) بە ١٠٪ لە پلەکانی سێیەم و چوارەمدان، و لە کۆتاییشدا
فیلمی (All of a Sudden) بە ٩٪ لە ڕیزبەندی پێشبینییە هەرە بەهێزەکاندا جێگیر
بووە، ئەم ڕێژانەش نیشاندەری ئەوەن کە کێبڕکێکان زۆر لەیەکدی نزیکن و بردنەوە
ئاسان نابێت.
ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، میوانداری کۆمەڵێک فیلمی کردووە کە
باس لە کێشە قووڵەکانی مرۆڤایەتی، ململانێ سیاسییەکان و تەوەری نوێی کۆمەڵایەتی
دەکەن. ئەو ٢٢ فیلمەی گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، لەناو سەدان و هەزاران بەرهەمی
پێشکەشکراودا هەڵبژێردراون، ئەمەش وایکردووە کە کارەکە بۆ ئەندامانی لێژنەی
دادوەران زۆر قورس بێت، چونکە ئاستی تەکنیکی، دەرهێنان و نواندن لەم
فیلمانەدا لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و هەر یەکێکیان خاوەن پەیام و ستایلی
تایبەت بە خۆیانن.
هەموو جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی شەوی ٢٣ی ئایار دەکەن تا بزانن ئایا پێشبینییەکانی
شارەزایان ڕاست دەردەچن یان سوپڕایزێکی چاوەڕواننەکراو لە ڕێوڕەسمی کۆتاییدا
ڕوودەدات و فیلمێکی دیکە دەبێتە سوپڕایزی ئەمساڵ. ئایا فیلمی (Hope)
دەتوانێت پێگەی خۆی وەک یەکەم بپارێزێت یان یەکێک لە فیلمەکانی دیکە خەڵاتە
گرانبەهاکە بۆ خۆی دەڕفێنێت، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە تەنها چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە
بۆ بیستنی وەڵامە کۆتاییەکەی لەسەر فەرشی سووری کان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "ڤارایتی" (Variety)ـی ئەمریکی و ماڵپەڕی فەرمیی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی کان.
PM:06:43:16/05/2026
ئهم بابهته 16
جار خوێنراوهتهوه