نهێنییەکی سەرسوڕهێنەری جیهانی ئاژەڵان؛ چۆن بەچکەی کوالا لە مردن و ژەهراویبوون ڕزگاری دەبێت؟
وێستگە ستایل-
نهێنییەکی سەرسوڕهێنەری جیهانی ئاژەڵان؛ چۆن بەچکەی کوالا لە مردن و ژەهراویبوون ڕزگاری دەبێت؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە جیهانی ئاژەڵاندا زۆر ڕەفتار و دیاردەی سەیر هەن کە ڕەنگە بۆ مرۆڤ جێگەی سەرنج
یان تەنانەت شۆک بن، بەڵام بۆ مانەوەی ئەو بوونەوەرانە لە ژیاندا، زەروورەتێکی
بایۆلۆژییە. یەکێک لەو ڕاستییە سەرسوڕهێنەرانەی کە زانایانی ژینگەناسی ئاشکرایان
کردووە، پەیوەندی بە بەچکەی ئاژەڵی "کوالا"وە هەیە، کە لەرێگەی ڕەفتارێکی تایبەتەوە
خۆی لە مەترسیی و مردن دەرباز دەکات.
ئەم ئاژەڵە تەمبەڵ و جوانە کە نیشتیمانی سەرەکی ئوستوراڵیایە، ژەمە خواردنی سەرەکی
و بنەڕەتیی بریتییە لە گەڵای ڕووەکی "ئۆکالیپتۆس". گەڵای ئەم ڕووەکە بەوە ناسراوە
کە بڕێکی زۆر ژەهری تێدایە و هەرسکردنی بۆ زۆربەی ئاژەڵەکان مەحاڵە، بەڵام کوالا
گەورەکان کۆئەندامێکی هەرسی تایبەتیان هەیە کە دەتوانێت ئەو ژەهرە پووچەڵ
بکاتەوە، بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدا بۆ بەچکەکان دروست دەبێت کە هێشتا
کۆئەندامی هەرسیان گەشەی نەکردووە.
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، بەچکەی کوالا بۆ ئەوەی بتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە و
گەڵای ئۆکالیپتۆس نەبێتە هۆی کوشتنی، پەنا بۆ خواردنی جۆرە پیساییەکی تایبەتی دایکی
دەبات کە بە "پاپ - Pap" ناسراوە. ئەم پاپە تەنیا پاشەڕۆیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو
ماددەیەکی پڕە لەو بەکتریا سوودبەخشانەی کە لە ناو ڕیخۆڵەی دایکەکەدا هەن و
یارمەتی هەرسکردنی ژەهر دەدەن. بە خواردنی ئەم ماددەیە، بەچکەکە ئەو
بەکتریایانە وەردەگرێت و کۆئەندامی هەرسی فێری مامەڵەکردن لەگەڵ ژەهری
گەڵاکان دەبێت.
ئەم پرۆسە سروشتییە سەلمێنەری ئەوەیە کە چۆن سروشت ڕێگەی تایبەت بۆ پاراستنی
جۆرەکان دەدۆزێتەوە. ئەگەر بەچکەی کوالا ئەم ڕەفتارە ئەنجام نەدات، ناتوانێت
هیچ خۆراکێک هەرس بکات و بەهۆی ژەهراویبوونی خوێنیەوە لە ماوەیەکی کەمدا مردار
دەبێتەوە، بۆیە ئەم پیساییە دەبێتە تاکە "تەوقی ڕزگاری" بۆ ئەوەی لە قۆناغی
شیرەخۆرییەوە بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی پشت بەخۆبەستن.
لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە ئەوەی لای مرۆڤ وەک کارێکی نائاسایی دەبینرێت، لای
کوالاکان کلیلی مانەوەیە لە ژیاندا. ئەم زانیارییە یەکێکە لەو ڕاستییە
زانستییانەی کە تێڕوانینی مرۆڤ بۆ هاوسەنگییە بایۆلۆژییەکان دەگۆڕێت و پێمان
دەڵێت کە لە ژینگەدا هیچ شتێک بێ هۆکار دروست نەکراوە.
سەرچاوە: گۆڤارە زانستییەکانی تایبەت بە بایۆلۆژی و جیهانی ئاژەڵان.
PM:11:50:04/05/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه