لە شاری ئەدەب و پایتەختی ڕۆشنبیری؛ یەکەمین "کارگەی شیعری کوردی" بۆ وردبینی و
ڕەخنەی ئەدەبی دادەمەزرێت
وێستگە ستایل-
لە شاری ئەدەب و پایتەختی ڕۆشنبیری؛ یەکەمین "کارگەی شیعری کوردی" بۆ وردبینی و
ڕەخنەی ئەدەبی دادەمەزرێت
لە هەنگاوێکی ناوازە و دەگمەندا لە مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردیدا، شاری
سلێمانی وەک "شاری ئەدەبی یونسکۆ"، ئامادەکارییە کۆتایییەکانی بۆ
دامەزراندنی یەکەمین "کارگەی شیعری کوردی" لە نێو جەرگەی کارگەی
کولتووری شارەکەدا تەواو کردووە. ئەم پڕۆژەیە وەک وێستگەیەکی مێژوویی بۆ
نوێکردنەوەی جەستەی شیعر و تێپەڕاندنی فۆرمە کلاسیکییەکان بەرەو ئاسۆیەکی زانستی
و ڕەخنەیی دەبینرێت، کە تێیدا مانا و وشە و ئاواز دەبنە هەوێنی ژیانەوەی ئەدەبیاتی
کوردی.
ئەم پڕۆژە ئەدەبییە گەورەیە بە دروشم و ناونیشانی "لە کەناری وشە و لە ئامێزی
هەستدا، خەونێک دەبێتە هەقیقەت و وشە دەبێتە هەوێنی ژیانەوە" ڕادەگەیەنرێت.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، دروستکردنی ناوەندێکی پسپۆڕیی "وردبینی"یە بۆ دەق و
هەڵبەستە کوردییەکان. لەم کارگەیەدا، شیعر لە چوارچێوەی تەنیا گوزارشتێکی سۆزداریی
سادەوە دەگۆڕدرێت بۆ بەرهەمێکی ئەدەبیی بەپێز کە لەسەر بنەمایەکی زانستی و بە
مێتۆدە نوێیەکانی ڕەخنەی ئەدەبی داڕژابێتەوە، بەجۆرێک کە ڕەسەنایەتی و
قووڵایی بۆ وشەی کوردی بگەڕێندرێتەوە.
وەک لە ناوەڕۆکی کارنامەی کارگەکەدا هاتووە، ئەم ناوەندە وەک "تاقیگەیەکی وردبینی"
کار دەکات؛ لێرەدا وشە و ڕیتم و ئاوازەکان دەخرێنە ژێر تیشکی وردبینی هۆزانڤانان و
شارەزایانی بواری ئەدەب. بڕیار وایە "گیانی مانا بەبەر جەستەی دەقدا بکرێتەوە"،
ئەمەش لەرێگەی دووبارە داڕشتنەوەی هەڵبەستەکان بەپێی پێوەرە ئەدەبییە
جیهانییەکان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی شیعر. ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە بۆ
ئەوەی شیعر ببێتە ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە کە نەک هەر هەستی شاعیر، بەڵکو قووڵایی
فەلسەفە و جوانییەکانی زمانی کوردیش نیشانی خوێنەرانی بدات.
سلێمانی کە هەمیشە وەک مەڵبەندی داهێنان و نوێگەری ناسراوە، بەم هەنگاوەی جارێکی
دیکە پێگەی خۆی وەک ناوەندی ئەدەبیاتی ناوچەکە دوپات دەکاتەوە. کارگەی کولتووری
سلێمانی کە پێشتر شوێنێکی پیشەسازیی مێژوویی بووە، ئێستا گۆڕدراوە بۆ "کارگەیەکی
مەعریفی" کە تێیدا ڕۆح و مێشکی مرۆڤ و بەرهەمە فەرهەنگییەکان بونیاد دەنرێنەوە.
دامەزراندنی کارگەی شیعر لەم شوێنەدا، پەیامێکی ڕوونی تێدایە کە سلێمانی تەنانەت
لە نێو کارگەکانیشیدا، کار بۆ بەرهەمهێنانی وشە و جوانی دەکات و دەیەوێت نەوەیەکی
نوێی شاعیران بە ئامرازی ڕەخنەیی و زانستی پڕچەک بکات.
سەبارەت بە کاتی دەسپێکی ئەم پڕۆژەیە، بڕیار وایە ڕۆژی پێنجی ئایار، کاتژمێر پێنجی
ئێوارە، لە هۆڵی ژمارە یەکی بینای وەرشەکان لە کارگەی کولتووری سلێمانی، ڕێوڕەسمی
کردنەوەی ئەم کارگەیە بەڕێوەبچێت. مەراسیمەکە تەنیا چالاکییەکی فەرمی نابێت، بەڵکو
ئاوێتەیەک دەبێت لە ساز و موزیک و خوێندنەوەی شیعر، کە تێیدا پەردە لەسەر یەکەمین
تاقیگەی شیعری کوردی لادەبرێت و دەرگا بە ڕووی هەموو ئەو ئەدیبانەدا دەکرێتەوە کە
خەونیان نوێکردنەوەی جومگە ئەدەبییەکانی وڵاتە.
سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی – نووسینگەی ڕاگەیاندن و
پەیوەندییەکان (پڕۆژەی سلێمانی شاری ئەدەبی یونسکۆ).
وێستگە - سۆلین عوسمان
PM:11:40:04/05/2026
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه