‌رووسیا شۆڕش لە جیهانی پزیشکیدا دەکات؛ یەکەمین ئەنجامەکانی ڤاکسینی شێرپەنجە سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد

وێستگە ستایل-

رووسیا شۆڕش لە جیهانی پزیشکیدا دەکات؛ یەکەمین ئەنجامەکانی ڤاکسینی شێرپەنجە
سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر تاقیکردنەوەی ڤاکسینێکی
نوێی دژەشێرپەنجە لەسەر مرۆڤ، ئەنجامە سەرەتاییەکان جیهانی پزیشکییان سەرسام
کردووە و هیوایەکی گەورەیان بۆ بنبڕکردنی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە بەخشی، بە
جۆرێک زانایان دووپاتی دەکەنەوە کە ڤاکسینەکە نەک تەنیا بۆ چارەسەر، بەڵکو وەک
هۆکارێکی پێشگیریکردنیش لە داهاتوودا سوودی لێ دەبینرێت.

بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان، لە سەرەتای مانگی رابردوودا ڤاکسینی "Neoonkovak" بۆ
یەکەمجار دراوە بە نەخۆشێکی تەمەن 60 ساڵ کە دەیناڵاند بەدەست شێرپەنجەی پێستەوە،
ڤاکسینەکە بە شێوازێکی زۆر ورد و بە "تاکەکەسی" بۆ نەخۆشەکە دروست کراوە، ئەمەش
وایکردووە سیستمی بەرگریی جەستەی بە شێوەیەکی کتوپڕ چالاک بێت و خانە
شێرپەنجەییەکان وەک دوژمن بناسێتەوە و بەرهەڵستییان بکات.

ئەلێکساندەر گینزبورگ، بەڕێوەبەری سەنتەری گەمالیا و ئەکادیمیای زانستەکان لە
رووسیا، لەبارەی ئەم دەستکەوتە رایگەیاندووە کە ڤاکسینی Neoonkovak کار لەسەر
هاندانی خانە ئاگادارکەرەوەکانی جەستە دەکات، ئەمەش وادەکات سیستمی بەرگری زۆر
بەهێزتر و خێراتر بێت لە دەستنیشانکردن و کۆنتڕۆڵکردنی خانە شێرپەنجەییەکان
بەرلەوەی بڵاوببنەوە، ئەم پەرەپێدانە نوێیەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە زانستی
پزیشکیدا ئەژمار دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاندرێ کاپرین، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی پزیشکیی تیشک
لە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا، ئاماژەی بەوە کردووە کە نەوەیەکی دیکەی ئەم ڤاکسینە
بە تەکنەلۆژیای mRNA پەرەی پێدراوە و بڕیارە لە ساڵانی 2025 و 2026دا بە تەواوی
بکەوێتە بازاڕەوە، چونکە تاقیکردنەوەکان سەلماندوویانە کە ڤاکسینەکە بە تەواوی
سەلامەتە و کاریگەرییەکی بێوێنەی لە تێکشکاندنی گرێ شێرپەنجەییەکاندا هەیە.

وەزارەتی تەندروستیی رووسیا بە فەرمی بڕیاری داوە ڤاکسینی Neoonkovak بخاتە نێو
خشتەی کوتانە نیشتمانییەکان و وەک دەرزییەکی خۆڕایی بۆ هاووڵاتییان بەردەست
بێت، بەمەش رووسیا دەبێتە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە کوتانی دژەشێرپەنجە بەو
شێوە فراوانە پەیڕەو بکات، پێشبینیش دەکرێت لە نێوان ساڵانی 2026 تاوەکو 2028
ئەم پڕۆسەیە هەموو جیهان بگرێتەوە و ببێتە سەرەتای کۆتاییهاتنی سەردەمی شێرپەنجە.

ئاژانسی هەواڵی تاس (TASS)


PM:11:09:04/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل