پەردە لەسەر نهێنییەکی نوێی هەرەمەکانی گیزە لادرا؛ دۆزینەوەی ژوورێکی شاراوە جیهان
سەرسام دەکات
وێستگە ستایل-
پەردە لەسەر نهێنییەکی نوێی هەرەمەکانی گیزە لادرا؛ دۆزینەوەی ژوورێکی شاراوە جیهان
سەرسام دەکات
ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان - بەشی هەواڵە شوێنەوارییەکان
لە میانەی کارە بەردەوامەکانی کنەوپشکنین لە ناوچەی مێژوویی گیزە لە پایتەختی میسڕ،
تیمێکی پسپۆڕ و هاوبەش لە زاناکان توانییان شوێنێکی نوێ و نهێنی بدۆزنەوە کە پێشتر
لە هیچ تۆمارێکی مێژووییدا ئاماژەی پێنەدرابوو. ئەم دۆزینەوە نوێیە کە لەناو
هەرەمی مەنکوڕەعدا ئەنجامدراوە، بووەتە جێگەی بایەخی میدیا و ناوەندە
زانستییەکانی جیهان و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە نهێنییەکانی
شارستانییەتی فیرعەونەکان و شێوازی ئەندازیاریی ئەو سەردەمە سەیر دەکرێت.
دەستەیەکی هاوبەش لە شارەزایانی زانکۆی قاهیرە و زانکۆی میونشنی ئەڵمانی، دوای
لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تیشکیی و سکانی پێشکەوتوو،
توانییان ژوورێکی بەتاڵی نهێنی لەناو هەرەمی مەنکوڕەع بدۆزنەوە. بە گوتەی
شارەزایانی تیمەکە، ئەم ژوورە تەنها بۆشاییەکی سادە نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی
سەرەتایی و بەهێزە بۆ بوونی تۆڕێکی ئاڵۆز و فراوان لە ڕاڕەوی دیکەی شاراوە و
پێگەی شاهانەیی کە پێدەچێت لە قووڵایی ئەم تەلاری مێژووییەدا حەشار درابن و بۆ
هەزاران ساڵ مرۆڤ لێیان بێئاگا بووبێت.
هەرەمی مەنکوڕەع، کە وەک بچوکترین هەرەم لەنێوان سێ هەرەمە ناودار و مەزنەکەی نیمچە
دورگەی گیزە دەناسرێت، مێژووی دروستکردنەکەی بۆ سەدەی ٢٦ی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
ئەم هەرەمە بۆ پادشا مەنکوڕەع، کە یەکێک بووە لە پادشا دیارەکانی خێزانی چوارەمی
شاهانەی میسڕ دروستکراوە. سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی قەبارەوە لەچاو هەرەمەکانی خوفو و
خەفرە بچوکترە، بەڵام ئەم دۆزینەوە نوێیە دەیسەلمێنێت کە هێشتا زۆر لایەنی شاراوە
و پڕ لە نهێنی لەناو ئەم تەلاری مێژووییەدا ماونەتەوە کە پێویستیان بە کنەوپشکنینی
زیاترە.
لە ئێستادا ئومێدێکی زۆر لای زاناکان دروست بووە کە ئەم ژوورە نوێیە ببێتە
دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەی گەورەتر. شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە پێدەچێت ئەم
شوێنە بەرەو ڕێڕەوێکی دیکەی نهێنی و ژوورێکی شاهانەیی سەرەکی پەلکێشیان بکات، کە
ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، دەبێتە "هەژەندەیەکی گەورە" بۆ جیهان و گۆڕانکاریی ریشەیی
لە زانیارییە مێژووییەکاندا دروست دەکات، بە جۆرێک کە هەموو جیهان چاوەڕێی
ساتەوەختی چوونە ناو ئەو ژوورە نادیارانە دەکەن.
سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکان
PM:09:41:03/05/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه