پڕۆژەیەک بۆ زیندووکردنەوەی ئاسکی "بلوباک" و گەڕانەوەی جۆرە قڕبووەکان بۆ سروشت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
کۆمپانیایەکی ئەمریکی بواری بایۆتەکنەلۆژیا بە ناوی "کۆلۆسال بایۆساینس" (Colossal
Biosciences)، هەوڵێکی نوێی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسکی "بلوباک" ڕاگەیاند، کە جۆرە
ئاسکێکی ناوازەی باشووری ئەفریقا بووە و لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ بەهۆی
ڕاوکردنی بێسەرووبەرەوە بە تەواوی قڕ بووە. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵە
گەورەکانی کۆمپانیاکە بۆ بەکارهێنانی زانستی جینات لە پێناو گەڕاندنەوەی ئەو
ئاژەڵانەی کە مرۆڤایەتی لە دەستی داون.
ئەم کۆمپانیایەی کە بنکەکەی لە دالاسە، ڕایگەیاندووە کە ئاسکی بلوباک شەشەمین
ئامانجی ئەوانە بۆ "نا-قڕکردن" (De-extinction)، دوای ئەوەی پێشتر پڕۆژەیان
بۆ زیندووکردنەوەی مامۆس، دۆدۆ، و گورگی تاسمانی دەستپێکردبوو. لە ئێستادا
پڕۆژەکە چووەتە قۆناغی دەستکاریکردنی جینات و زانایان ئاسکی "رۆان" (Roan
antelope) وەک نزیکترین خزمە زیندووەکانی بلوباک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی وەک خاڵی
دەستپێکی جینی سوودی لێ وەربگرن.
تیمە زانستییەکە پشتیان بەو دی ئێن ئەیەی (DNA) بەستووە کە لە نموونەیەکی
مۆزەخانەیەک لە سوید وەرگیراوە، پلانیان وایە کۆرپەلەی دەستکرد دروست
بکەن و دواتر لە ڕەحمی دایکی جێگرەوەدا (کە ئاسکی رۆانە) بچێنرێت. ئەم کارە
مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە زانستییەکاندا دروست کردووە؛ هەندێک بە هەنگاوێکی
گرنگی دەزانن بۆ پاراستنی ژینگە، بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە ئەمە
سەرکێشییەکی زانستیی گرانبەهایە و باشترە ئەو پارەیە بۆ پاراستنی ئاژەڵە
زیندووەکانی ئێستا خەرج بکرێت.
بەرپرسانی کۆمپانیاکە لە وەڵامی رەخنەکاندا دەڵێن، ئەو تەکنیکە زانستییانەی لەم
پڕۆژەیەدا پەرەیان پێ دەدرێت، تەنها بۆ زیندووکردنەوەی مردووەکان نییە، بەڵکو
دەکرێت بۆ پاراستنی ئەو جۆرە ئاژەڵانەشی کە ئێستا لە مەترسی فەوتاندان
بەکاربهێنرێت. پڕۆژەی بلوباک نیشانەی ئەوەیە کە چۆن زانستی جینات بە
خێرایی لە تیۆرییەوە بەرەو هەنگاوی کردەیی و گۆڕینی ڕووی سروشتی زەوی هەنگاو
دەنێت.
سەرچاوە: بەیاننامەی کۆمپانیای کۆلۆسال و رۆیتەرز
PM:08:44:03/05/2026