‌سێرگی پرۆکۆفیەڤ؛ ئەو بلیمەتەی مەرگی لەژێر سێبەری ستالیندا شاردرایەوە

وێستگە ستایل-

سێرگی پرۆکۆفیەڤ؛ ئەو بلیمەتەی مەرگی لەژێر سێبەری ستالیندا شاردرایەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


مێژووی موزیکی کلاسیکی ڕووسی بەبێ ناوی سێرگی پرۆکۆفیەڤ تەواو نابێت، ئەو موزیکژەن

و ئاوازدانەرەی کە توانی شێوازێکی نوێ و جیاواز لە دەربڕینی موزیکیدا بخوڵقێنێت و

ناوی خۆی وەک یەکێک لە گەورەترین موزیکدانەرانی سەدەی بیستەم تۆمار بکات.


پرۆکۆفیەڤ لە ٢٣ی نیسانی ١٨٩١ لە ئۆکرانیا و لە خێزانێکی سادەی جوتیاردا لەدایکبوو،

بەڵام هەر لە منداڵییەوە نیشانەکانی بلیمەتی لێ دەرکەوت. گۆرانی و ئاوازە

میللییەکانی ناوچەکەی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ڕۆحی دروستکرد، بە جۆرێک

کە لە تەمەنی پێنج ساڵیدا یەکەم پارچە موزیکی بۆ پیانۆ نووسی و لە تەمەنی نۆ

ساڵیشدا یەکەم ئۆپێرای خۆی دانا، ئەمەش سەرەتای گەشتێکی پڕ لە داهێنان بوو.


دایکی پرۆکۆفیەڤ ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پەروەردەکردنی، چونکە خۆی پیانۆژەنێکی

لێهاتوو بوو و دەستی منداڵەکەی گرت بۆ جیهانی هونەر. دواتر ڕەوانەی مۆسکۆ کرا

و لەوێ لەژێر دەستی گەورە مامۆستاکانی موزیکدا فێری بنەماکانی ژەنین بوو. کاتێک

گلازنوڤۆ، گەورە موزیکدانەری ڕووسی، تواناکانی ئەوی بینی، دەستبەجێ پێشنیازی کرد

بچێتە زانکۆی سان پیتەرسبۆرگ. ساڵانی خوێندنی لە ١٩٠٤ بۆ ١٩١٤ قۆناغی زێڕینی

پێگەیشتنی بوون و مامۆستاکانی بەردەوام ستایشی زیرەکی و توانای دەستەکانیان

دەکرد لە ژەنیندا.


ژیانی پرۆکۆفیەڤ پڕ بوو لە گەشت و گۆڕانکاری؛ لە ساڵی ١٩١٨دا ڕووی لە ژاپۆن و

ئەمریکا کرد و لەوێ چەندین کۆنسێرتی گەورەی ئەنجامدا، بەمەش جیهان بەهرەکەی

ناسی. دوای ساڵانێک لە ژیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە

گۆرانیبێژ کارۆلینا کۆدینا، بڕیاری گەڕانەوەی بۆ یەکێتی سۆڤیەت دا. ئەم

گەڕانەوەیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کولتووری سۆڤیەتی دروستکرد و بەرهەمە

هەرە ناوازەکانی وەک "رۆمیۆ و جولیەت" و "سیمفۆنیای پێنجەم"ی لەو قۆناغەدا

پێشکەش کرد.


پرۆکۆفیەڤ لە ماوەی ژیانیدا نزیکەی ٢٠٠ پارچە موزیکی ناوازەی دانا، کە چەندین

شێوازی وەک بالێ، ئۆپێرا، موزیکی فیلم و سیمفۆنیای لەخۆ دەگرت. بەرهەمەکانی

وەک "Cinderella" و کۆنچێرتۆکانی پیانۆ و ڤیۆلین، تا ئێستاش لە گەورەترین

هۆڵەکانی جیهاندا دەژەنرێن و وەک شاکاری جاویدان سەیر دەکرێن.


کۆتایی ژیانی ئەم هونەرمەندە زۆر تراژیدی و غەریب بوو؛ ئەو لە ٥ی ئازاری ١٩٥٣ لە

تەمەنی ٦١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کە ڕێک هەمان ڕۆژی مردنی جۆزێف ستالینی ڕێبەری

سۆڤیەت بوو. بەهۆی ئەوەی هەموو وڵات و شەقامەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەهۆی مردنی

ستالینەوە داخرابوون و پڕ بوون لە جەماوەر، تەرمی پرۆکۆفیەڤ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ

لە ماڵەکەیدا مایەوە و کەس نەیتوانی بیبات بۆ بەخاکسپاردن، ئەمەش یەکێکە لە چیرۆکە

غەمگینەکانی مێژووی هونەر.


سەرچاوە مێژووییەکانی موزیکی کلاسیک


PM:11:11:01/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل