شاکارەکەی ئۆرسڵ وێڵس؛ ٨٥ ساڵ بەسەر نمایشکردنی فیلمی "Citizen Kane" تێدەپەڕێت
وێستگە ستایل-
شاکارەکەی ئۆرسڵ وێڵس؛ ٨٥ ساڵ بەسەر نمایشکردنی فیلمی "Citizen Kane" تێدەپەڕێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەشت دەیە، هێشتا فیلمی سینەمایی "Citizen Kane" وەک
یەکێک لە پایە هەرە بەهێزەکانی مێژووی سینەما دەمێنێتەوە، کە تێیدا ئۆرسڵ وێڵس
توانی شۆڕشێکی گەورە لە جیهانی وێنەگرتن و گێڕانەوەی چیرۆکدا بەرپا بکات و سینەما
بۆ قۆناغێکی نوێ بگوازێتەوە.
ئەم فیلمە کە لە ساڵی ١٩٤١ بەرهەم هێنراوە، تەنها چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو
گەشتێکی قووڵە بۆ ناو دەروونی مرۆڤ و ململانێی نێوان دەسەڵات و تەنیایی.
چیرۆکەکە لە دەوری ژیانی "چارڵز فۆستەر کەین" دەسوڕێتەوە، کە کەسایەتییەکی
دەوڵەمەند و خاوەن نفوزە، بەڵام لە کۆتایی ژیانیدا تەنها یەک وشە بەکاردەهێنێت
کە دەبێتە کلیل بۆ هەموو نهێنییەکانی ژیانی.
ئۆرسڵ وێڵس کە خۆی نووسەر، دەرهێنەر و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، لە ڕێگەی
کارەکتەری "کەین"ەوە دوو بژاردەی دژبەیەک دەخاتە ڕوو؛ ئایا دەوڵەمەندی و
ناوبانگ دەتوانێت مرۆڤ بە ئاواتەکانی بگەیەنێت، یان تەنها دەبێتە هۆی دابڕان لە
جیهان؟ فیلمەکە بە شێوازێکی تەکنیکیی زۆر پێشکەوتوو بۆ ئەو سەردەمە وێنەگیراوە،
کە تێیدا بەکارهێنانی ڕووناکی و سێبەر و گۆشەکانی کامێرا واتا و ڕەهەندی جیاواز
بە دیمەنەکان دەبەخشن.
چاودێرانی سینەما پێیان وایە تەواوی ناوەڕۆکی فیلمەکە لە دەستەواژەی "گەڕان بەدوای
واتاکاندا" کورت دەبێتەوە. بینەر لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکدا دەکەوێتە گەشتێکی گەڕان
بەدوای نهێنی وشەی "Rosebud" کە کەین لە کاتی گیانسپاردنیدا گوتوویەتی، ئەم
گەڕانەش تا کۆتایی فیلمەکە بە نادیاری دەمێنێتەوە و بینەر لەبەردەم پرسیارە
قووڵەکانی بووندا ڕادەگرێت.
لە کاتی نمایشکردنیدا، فیلمەکە ڕووبەڕووی هەندێک کێشە و ئاستەنگ بووەوە بەهۆی
لێکچوونی کارەکتەرەکە لەگەڵ کەسایەتییەکی ڕاستەقینەی ئەو سەردەمە، بەڵام
دواتر توانی جێگەی خۆی لە ناو دڵی مێژوودا بکاتەوە. فیلمەکە براوەی خەڵاتێکی
ئۆسکارە و خاوەنی ١٦ خەڵاتی هونەری جیهانییە و تا ئێستاش لە زۆرینەی
ڕاپرسییەکاندا وەک باشترین فیلمی مێژووی سینەما ناوی دەهێنرێت.
ئەم فیلمە وەک وانەیەکی بنەڕەتی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سینەما دەخوێندرێت و دوای
٨٥ ساڵ هێشتا وەک سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بۆ دەرهێنەرانی نوێی جیهان دەمێنێتەوە.
ئەرشیفی سینەمای جیهانی
PM:11:10:01/05/2026
ئهم بابهته 20
جار خوێنراوهتهوه