گۆڕینی ناسنامەی ئیلیا ڕێپین لە ڕووسییەوە بۆ ئۆکرانی دەبێتە هەوێنی کێشەیەکی نوێی
دیپلۆماسی و هونەری
وێستگە ستایل-
گۆڕینی ناسنامەی ئیلیا ڕێپین لە ڕووسییەوە بۆ ئۆکرانی دەبێتە هەوێنی کێشەیەکی نوێی
دیپلۆماسی و هونەری
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
مۆزەخانەی ئاتینیۆمی فینلەندی بۆ هونەرە جوانەکان لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا،
ناسنامەی نەتەوەیی شێوەکاری ناودار و جیهانی "ئیلیا ڕێپین"ی لە ڕووسییەوە گۆڕی
بۆ ئۆکرانی. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی کاردانەوەی توند و فەرمی لەلایەن
دەسەڵاتدارانی ڕووسیاوە و جارێکی تر پرسی تێکەڵبوونی سیاسەت و هونەری هێنایەوە
بەرباس، بە جۆرێک کە ناسنامەی ئەم هونەرمەندە کۆچکردووە ئێستا وەک کێشەیەکی
سیاسی لە نێوان هێلسینکی و مۆسکۆ سەیر دەکرێت.
ئەم بڕیارەی مۆزەخانە فینلەندییەکە لە کاتێکدایە کە ناوەندە کولتوورییەکانی ئەوروپا
لە ژێر کاریگەریی گرژییە سیاسییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا بەهۆی جەنگی
ئۆکرانیاوە، پێداچوونەوە بە مێژووی ئەو هونەرمەندانەدا دەکەن کە لە
سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا ژیاون. گۆڕینی ناسنامەی ڕێپین تەنها گۆڕینی
ناوێک نییە لەسەر تابلۆکان، بەڵکو وەک بەشێک لە هەڵمەتی "نا-ڕووسیکردن"ی مێژووی
هونەری ئۆکرانیا دەبینرێت کە لە دوای دەستپێکی جەنگەوە لە چەندین وڵاتی جیهان
دەستی پێکردووە.
لە کاردانەوەی ئەم بڕیارەدا، پاڤێڵ کۆزنیتسۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە فینلەندا، ڕەخنەی
توند و ئاشکرای ئاراستەی مۆزەخانەی ئاتینیۆم کرد. کۆزنیتسۆڤ ڕایگەیاند کە ئەم
هەنگاوە وێنەدانەوەیەکی ڕوونی ئەو گرژییە سیاسییانەیە کە لە ناوچەکەدا هەیە و
ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەمە نموونەیەکی ڕوون و بەرجەستەیە لەبارەی ترس و تۆقین لە
ڕووسیا (ڕووسۆفۆبیا) کە ئێستا دامەزراوە کولتوورییەکانی فینلەندی گرتووەتەوە".
باڵیۆزەکە پێیوایە کە مێژووی هونەر نابێت بکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسییە
کاتییەکان.
باڵیۆزی ڕووسیا زیاتر لەوە ڕۆیشت و باسی لەوە کرد کە بڕیارەکە بەڵگەیەکی
حاشاهەڵنەگرە لەسەر لایەنگرییەکی کوێرانە بۆ ئۆکرانیا لەسەر حیسابی
ڕاستییە مێژووییەکان. ناوبراو جەختی کردەوە کە هەست و سۆزی لایەنە کولتووریی و
ڕۆشنبیرییەکانی فینلەندا بەرامبەر بە ئۆکرانیا وایکردووە کە ئاستی پیشەیی و
کولتووریی خۆیان تێپەڕێنن و ڕوو لە بڕیارێک بکەن کە چیتر بۆ مۆسکۆ
پەسەندکراو نییە. کۆزنیتسۆڤ وتیشی: "ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەم جۆرە
ڕەفتارانەدا لێبوردەبین کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کولتووریی ڕووسیا
دەدەن."
ئیلیا ڕێپین کە لە ساڵی ١٨٤٤ لە شاری چوهویڤ لەدایکبووە، لەو سەردەمەدا ئەو ناوچەیە
بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و ئێستا دەکەوێتە خاکی ئۆکرانیاوە. ڕێپین
زۆربەی تەمەنی لە سانت پترسبۆرگ و فینلەندا بەسەر بردووە و وەک یەکێک لە پایە
گرنگەکانی شێوەکاریی ڕیالیزمی ڕووسی ناسراوە. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا،
ئۆکرانییەکان بە توندی داکۆکی لەوە دەکەن کە بەهۆی شوێنی لەدایکبوونی و ڕەگ
و ڕیشەی خێزانییەوە، ڕێپین هونەرمەندێکی ئۆکرانییە و ناسنامەی ڕووسی بەسەریدا
سەپێندراوە.
ئەم ململانێیە لەسەر ناسنامەی هونەرمەندان نیشانەی ئەوەیە کە جەنگەکە تەنها لە
بەرەکانی جەنگدا نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ناو هۆڵەکانی مۆزەخانە و کتێبخانە
نێودەوڵەتییەکانیش. بڕیارەکەی فینلەندا دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری
هاوشێوە لە مۆزەخانەکانی تری جیهاندا، کە ئەمەش زیاتر ڕووسیا لە دیمەنی
کولتووریی جیهانی دوور دەخاتەوە و درزێکی گەورەتر لە پەیوەندییە
دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و دراوسێ فینلەندییەکەی دروست دەکات.
وێستگە - ئاژانسەکان
PM:11:22:25/04/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه