‌یاریی Clair Obscur: Expedition 33 خەڵاتەکانی بافتای بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان دروێنە کرد

وێستگە ستایل-

یاریی Clair Obscur: Expedition 33 خەڵاتەکانی بافتای بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان دروێنە کرد


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە نوێترین ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بافتا (BAFTA) بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان، یاریی (Clair Obscur: Expedition 33) جارێکی دیکە سەلماندی کە یەکێکە لە بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین بەرهەمەکانی ئەمساڵ و توانی ببێتە گەورەترین براوەی خەڵاتەکان. ئەم یارییە کە لەلایەن ستۆدیۆیەکی سنووردار و بچووکەوە گەشەی پێدراوە، توانی سێ خەڵاتی سەرەکی و گرنگ دەستەبەر بکات، کە بریتین لە خەڵاتەکانی: باشترین یاری، باشترین یەکەم یاری بۆ ستۆدیۆکە، هەروەها باشترین ئەکتەری سەرەکی، ئەمەش دەستکەوتێکی بێوێنەیە بۆ یارییەک کە لە دەرەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەرهەم هێنراوە. سەرەڕای ئەوەی لە 12 پۆلی جیاوازدا بەربژێر بوو، بەڵام نەیتوانی خەڵاتەکانی باشترین موزیک و باشترین چیرۆک بباتەوە، کە ئەمەش نیشانەی توندیی ڕکابەرییەکان بوو لەنێوان یارییە بەشداربووەکانی دیکەدا، بەڵام وەک شێوازی (RPG) و کارلێکی کارەکتەرەکان، پلەی یەکەمی پاراست. لیستی براوەکانی دیکەی بافتاش پڕ بوو لە ناوی گەورە، بۆ نموونە یاریی (Ghost of Yōtei) خەڵاتی باشترین موزیک و دەستکەوتی تەکنیکی بردەوە، هەروەها (Kingdom Come: Deliverance 2) خەڵاتی باشترین چیرۆکی پێدرا، لە کاتێکدا (Death Stranding 2) وەک باشترین دەستکەوتی هونەری دەستنیشان کرا. ئەم یارییە پێشتریش لە مەراسیمی (The Game Awards) وەک باشترین یاریی ساڵ دیاری کرابوو، ئەمەش دەریدەخات کە (Clair Obscur) توانیویەتی هاوسەنگییەک لەنێوان خەیاڵ و تەکنیک و نواندندا دروست بکات کە سەرنجی هەموو جیهان ڕابکێشێت. خەڵاتەکانی بافتا بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان ساڵانە بە گرنگترین پێوەر بۆ کوالیتی و داهێنان لەم بوارەدا دادەنرێت و بردنەوەی ئەم خەڵاتانە ناوبانگێکی جیهانی بە ستۆدیۆ و گەشەپێدەرەکان دەبەخشێت.


ماڵپەڕی فەرمی ئەکادیمیای بەریتانی بۆ فیلم و تەلەفزیۆن (BAFTA Games)


PM:11:28:20/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل