جۆرج فرێدریک هاندل؛ ئەو بلیمەتەی لە نێوان تراجیدیای ژیان و شکۆمەندیی موزیکدا مێژووی نووسییەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
جۆرج فرێدریک هاندل، وەک یەکێک لە مەزنترین و کاریگەرترین موزیکدانەرەکانی قۆناغی بارۆک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت، کە ژیانێکی پڕ لە هەوراز و نشێوی هونەری و تراجیدیای کەسیی بەڕێکردووە. ئەم هونەرمەندە بلیمەتە تەنها موزیکدانەرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو توانی لە ڕێگەی ئاوازەکانییەوە سنوورە جوگرافییەکان ببڕێت و ببێتە سیمبولێکی جیهانی کە تا ئێستاش کارەکانی لە گەورەترین ئۆپێرا و هۆڵەکانی جیهاندا دەنگ دەدەنەوە و وەک شاکاری نەمەر ماونەتەوە.
هاندل لە ٢٣ی شوباتی ساڵی ١٦٨٥ لە وڵاتی ئەڵمانیا چاوی بە دنیا هەڵهێنا، هەر لە منداڵییەوە ئارەزوویەکی بێپایانی بۆ دنیای موزیک هەبوو، بەڵام ڕێگای گەیشتن بە خەونەکەی هێندە ئاسان نەبوو. باوکی کە وەک پارێزەرێکی سەرکەوتوو کاریدەکرد، هیچ بایەخێکی بە خولیا هونەرییەکانی کوڕەکەی نەدەدا و هەوڵێکی زۆری دەدا هاندل بخاتە سەر ڕێچکەی خۆی و وەک پارێزەرێک پەروەردەی بکات. بەڵام عەشق و ئیرادەی هاندل بۆ موزیک هێندە بەهێز بوو کە توانی بەسەر هەموو ئەو بەربەستە خێزانییانەدا سەربکەوێت و جیهانی یاسا جێبهێڵێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەو ئەستێرە گەشەیەی کە مێژووی موزیک هەمیشە شانازی پێوە دەکات.
وەرچەرخانی ڕاستەقینە لە پیشەی هونەریی هاندلدا کاتێک دەستیپێکرد کە ڕووی لە شاری لەندەن کرد، لەوێ بە خێرایی جێگەی خۆی کردەوە و بووە سەرۆکی ئەکادیمیای موزیکی شاهانەیی. لە ساڵی ١٧١١دا، حەوتەم ئۆپێرای خۆی بە ناونیشانی "Rinaldo" پێشکەش کرد، کە بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی و ناوی هاندلی لە هەموو بەریتانیا و ئەوروپادا بەرز کردەوە. سەرەڕای ئەوەی هاندل خاوەنی پاشخانێکی کولتووری و ئەڵمانی بوو، بەڵام بەریتانییەکان بە شێوەیەک پێشوازییان لێکرد کە وەک یەکێک لە هونەرمەندە نیشتمانییەکانی خۆیان هەژماریان دەکرد. هاندل لە ماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، بەرهەمێکی یەکجار زۆری پێشکەش کرد کە پێکهاتبوون لە ٤٢ ئۆپێرا، ٢٩ ئۆراتۆریۆ و زیاتر لە ١٢٠ کانتاتا، لەگەڵ چەندین موزیکی ئاینی و ئۆرگانی جۆراوجۆر.
تەمەنی کۆتایی ژیانی هاندل ئاوێتەی زنجیرەیەک تراجیدیای سەخت بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە مەزنترین کارەکانی ڕێک لەو قۆناغەدا بەرهەمهاتن. لە ساڵی ١٧٣٧دا تووشی جەڵتەی دڵ بوو کە کاریگەری لەسەر تەندروستی دروستکرد، دواتریش لە ساڵی ١٧٥٠ لە ڕووداوێکی هاتووچۆی گالیسکەدا بە سەختی بریندار بوو. کارەساتە گەورەکە لە ساڵی ١٧٥١دا ڕوویدا، کاتێک بەهۆی نەشتەرگەرییەکی چاوەوە بینایی لەدەستدا و بە تەواوی نابینا بوو. بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی ڕێگری لێبکەن لە بەردەوامبوون، چونکە هاندل لە ناو دڵی ئەم هەموو تاریکی و ئازارانەدا، لە ترۆپکی داهێنانی موزیکیدا بوو و بەردەوام بوو لە نووسینەوەی ئاوازە ناوازەکانی.
سەرئەنجام لە ڕێکەوتی ١٤ی نیسانی ساڵی ١٧٥٩ و لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا، ئەم ئەستێرە درەوشاوەیەی جیهانی موزیک ماڵاوایی لە ژیان کرد. مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی شکۆیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە سێ هەزار کەس لە هەموو چین و توێژەکان ئامادەی بوون بۆ ئەوەی دوایین ڕێز لەم بلیمەتە بگرن. کاریگەرییەکانی هاندل تەنها لە سەردەمی خۆیدا نەمایەوە، بەڵکو بووە قوتابخانەیەک بۆ نەوەکانی دوای خۆی، بەجۆرێک بیتهۆڤنی مەزن هەمیشە بە شکۆوە وەسفی موزیکەکەی دەکرد و هاندلی وەک مامۆستایەکی گەورەی خۆی و جیهان دەناساند.
سەرچاوە: ئەرشیفی مێژووی موزیکی کلاسیک و ژیاننامەی هونەرمەندانی سەردەمی بارۆک.