‌زێندایا و پاتینسن لە تەمومژاوترین فیلمی ساڵدا یەکدەگرن؛ "The Drama" جیهانی سینەما دەهەژێنێت

وێستگە ستایل-

زێندایا و پاتینسن لە تەمومژاوترین فیلمی ساڵدا 

یەکدەگرن؛ "The Drama" جیهانی سینەما دەهەژێنێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دوو لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین ئەکتەرەکانی نەوەی نوێی سینەما، زێندایا و ڕۆبەرت پاتینسن، لە پڕۆژەیەکی نوێی کۆمپانیای (A24)دا کۆدەبنەوە کە بە تەمومژاوترین و پڕمشتومڕترین فیلمی ساڵ هەژمار دەکرێت. فیلمی "The Drama" کە لە دەرهێنانی "کریستۆفەر بۆرگلی"یە، لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٦ لە سینەماکان نمایشکرا و هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بووە مژاری گەرمی میدیاکان، ئەمەش بەهۆی چیرۆکە نامۆ و شێوازە جیاوازەکەی لە گێڕانەوەی درامادا.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی کچ و کوڕێک دەکات لەو ڕۆژە پڕ لە شێواوییانەی کە بەرەو ئاهەنگی هاوسەرگیرییان دەچن. فیلمەکە وەک درامایەکی کۆمیدیای ڕەش و ڕۆمانسی ناسێنراوە، بەڵام ئەوەی هەمووانی پەرۆش کردووە، ئەو وەرچەرخانە تەمومژاوییەیە (Plot twist) کە لە ناو سیناریۆکەدا هەیە و تیمی بەرهەمهێنان تا ساتی نمایشکردنی بە نهێنییەکی گەورە پاراستوویانە، ئەمەش وایکردووە بینەران بە وردی چاوەڕێی هەر چرکەیەکی فیلمەکە بن.

ئەوەی ئەم فیلمەی زیاتر لە میدیاکاندا گەورە کردەوە، شێوازی ڕیکلامکردنە داهێنەرانەکەی بوو؛ تیمی فیلمەکە ڕیکلامێکی "دەزگیرانی" ساختەیان لەناو لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی "بۆستن گڵۆب"دا بڵاوکردەوە، کە وایکرد سنووری نێوان ژیانی ڕاستەقینە و جیهانی سینەما تێکەڵ ببێت و لە ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی خەیاڵی دروست بکات. ئەم جۆرە لە ڕیکلام نیشانیدەدات کە کۆمپانیای A24 دەیەوێت بینەر بە شێوەیەکی جیاواز بباتە ناو کەشی فیلمەکەوە.

زێندایا کە پێشتر چەندین خەڵاتی "ئێمی" بۆ زنجیرەی (Euphoria) بەدەستهێناوە، لەگەڵ ڕۆبەرت پاتینسن کە بە هەڵبژاردنی ڕۆڵە قورس و نائاساییەکان دەناسرێت، دووانەیەکی هونەریی بەهێزیان پێکهێناوە. ئەم پێکەوەبوونە بە یەکێک لە گرەو هەرە سەرکەوتووەکانی ستۆدیۆکانی سینەما لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا دادەنرێت، کە پێشبینی دەکرێت لە وەرزەکانی داهاتوودا چەندین خەڵاتی جیهانی دروێنە بکات.



A24 - ٣ی نیسانی ٢٠٢٦



PM:10:53:13/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل