فیلمی "12 Angry Men"؛ وانەیەکی باڵا لەسەر دادپەروەری و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
فیلمی "12 Angry Men" کە لە ساڵی ١٩٥٧ لە دەرهێنانی "سیدنی لومێت" بەرهەم هێنراوە، تەنها بەرهەمێکی سینەمایی نییە، بەڵکو وەک یەکێک لە باشترین وانە فێرکارییەکانی جیهان بۆ تێگەیشتن لە "بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە" سەیر دەکرێت. چیرۆکی فیلمەکە لەناو ژوورێکی داخراوی دادگادا ڕوودەدات، کە تێیدا ١٢ پیاو دەبێت بڕیار لەسەر چارەنووسی گەنجێک بدەن، بەڵام فیلمەکە لەوە قووڵتر دەڕوات و باس لەوە دەکات چۆن مرۆڤ دەتوانێت لە ژێر فشاری زۆرینەدا، هێشتا بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت.
ناوەڕۆکی فیلمەکە لە چوارچێوەی درامایەکی یاسایی و تاواندا دەخولێتەوە، بەڵام پەیامە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە مەرج نییە هەمیشە "ڕای زۆرینە" ڕاست و دادپەروەرانە بێت. کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە، بە تەنها لە بەرامبەر ١١ کەسی دیکەدا دەوەستێتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی گومانی لە ڕاستییەکان هەیە. ئەم کۆڵنەدانە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، وایکردووە فیلمەکە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ فێرخوازانی یاسا، دەروونناسی و کۆمەڵناسی لە هەموو جیهاندا.
ئەم شاکارە سینەماییە لە کاتی خۆیدا بەربژێر بووە بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و توانیویەتی ١٦ خەڵاتی هونەری جیهانی بەدەست بهێنێت. لومێت توانیویەتی بە کەمترین تێچوو و تەنها لە یەک شوێنی داخراودا، فشار و دڵەڕاوکێی کارەکتەرەکان بە جۆرێک بگوازێتەوە کە بینەر تا کۆتا چرکە لەگەڵیدا بمێنێتەوە. فیلمەکە نیشانی دەدات کە چۆن "پێشوەختە بڕیاردان" و "تعصب" دەتوانێت دادپەروەری بشێوێنێت.
تا ئێستاش، دوای زیاتر لە شەش دەیە، "12 Angry Men" وەک فیلمێکی زیندوو ماوەتەوە. هەر کەسێک کە دەیەوێت فێری ئەوە بێت چۆن بە ژیریی و بەڵگەوە گفتوگۆ بکات و چۆن بەرگری لە ڕاستی بکات تەنانەت ئەگەر تەنهاش بێت، دەبێت سەیری ئەم فیلمە بکات، چونکە وانەیەکە لە مرۆڤایەتی و ویژدان.
سەرچاوە: داتابەیسی فیلمە جیهانییەکان و ڕەخنەگرانی سینەما
PM:11:05:10/04/2026