برازای عەبدولحەلیم حافز هۆکاری ڕاستەقینەی کۆچی دوایی مامی ئاشکرا دەکات
وێستگە ستایل-
برازای عەبدولحەلیم حافز هۆکاری ڕاستەقینەی کۆچی دوایی مامی ئاشکرا دەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
برازای هونەرمەندی گەورە و ئەفسانەیی میسڕ و جیهانی عەرەبی، عەبدولحەلیم حافز، لە لێدوانێکی نوێدا نهێنییەکی چاوەڕواننەکراو و مێژوویی سەبارەت بە کۆچی دوایی مامی ئاشکرا کرد، کە بووەتە جێی باسی میدیا عەرەبییەکان و هەوادارانی ئەم هونەرمەندە.
بۆ چەندین دەیەیە وا بڕوا دەکرا کە عەبدولحەلیم حافز بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنی هەوکردنی جگەر (تەلیف ئەلکەبید) کۆچی دوایی کردبێت، بەڵام زانیارییە نوێیەکان کە لەلایەن خزمە نزیکەکانیەوە بڵاوکراونەتەوە، ئاڕاستەی ڕووداوەکە دەگۆڕن.
بەگوێرەی لێدوانی برازاکەی عەبدولحەلیم، ئەم هونەرمەندە گەورەیە لە کاتی گواستنەوەی خوێندا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەهۆی هەڵەیەکی پزیشکییەوە خوێنەکەی ژەهراوی بووە و ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی کتوپڕی دۆخی تەندروستی.
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەڵە تەندروستییە هۆکاری سەرەکی و ڕاستەقینەی گیانلەدەستدانی عەندەلیبە ئەسمەرەکە بووە، نەک تەنها نەخۆشییە کۆنەکەی، کە ئەمەش گومان و پرسیارێکی زۆر لەسەر ئەو چارەسەرە پزیشکییانە دروست دەکات کە لەو کاتەدا بۆی کراوە.
عەبدولحەلیم حافز، کە بە یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی مێژووی میسڕ دادەنرێت، لە ساڵی ١٩٧٧ و لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، دوای ئەوەی سەدان گۆرانی و فیلمی مێژوویی بۆ کتێبخانەی هونەری عەرەبی بەجێهێشت.
ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی میدیایی برازای هونەرمەند و سەرچاوە هەواڵییە میسڕییەکانەوە ئاشکرا کراون.
PM:07:14:09/04/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه