‌دەشتی کەڵهوڕی نوێترین بەرهەمی هونەریی پێشکەش بە زانکۆیەک دەکات

وێستگە ستایل-

دەشتی کەڵهوڕی نوێترین بەرهەمی هونەریی پێشکەش بە زانکۆیەک دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا، هونەرمەندی ناسراو دەشتی کەڵهوڕی، نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی کە سروودێکی نیشتمانی و زانستییە بڵاوبکاتەوە، ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و بڕیارە لە یادێکی گرنگدا بخرێتە بەر دیدی بینەران.


هونەرمەند دەشتی کەڵهوڕی ڕێکەوتی ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٦ـی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە دیاریکردووە، کە ئەم ڕێکەوتە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی گەرمیان و هەروەها ساڵیادی کارەساتی ئەنفال، ئەمەش وەک وەفایەک بۆ قوربانییانی ئەو ناوچەیە و گرنگیپێدان بە ناوەندە زانستییەکانی کوردستان.


ناوەڕۆکی تێکستی ئەم سروودە گوزارشتێکی قووڵ لە جوگرافیای مەزنی کوردستان و مەینەتییەکانی دەڤەری گەرمیان دەکات، هاوکات ئازایەتی و خۆڕاگری گەلی کورد لە بەرامبەر نەهامەتییەکاندا دەخاتە ڕوو، هونەرمەند جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمڕۆ ئەگەر زانکۆ و ئازادییەک هەبێت، هەمووی بەرهەمی خوێنی گەشی شەهیدانە


تێکستی ئەم بەرهەمە لەلایەن دکتۆر ئەحمەد باوەڕەوە نووسراوە، کە تێیدا بە شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە چەمکەکانی زانست، فەرهەنگ، جینۆساید و جوگرافیا پێکەوە ئاوێتە کراون، کارێکی هونەریی وا دایڕێژراوە کە لەگەڵ شکۆی زانکۆ و مێژووی ناوچەکەدا بگونجێت.


دەشتی کەڵهوڕی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ ئەو وەک یەکەم هونەرمەند لە مێژووی هونەری کوردیدا کە سروودێکی تایبەت بە زانکۆ بچڕێت و ببێتە خاوەنی کارێکی لەو شێوەیە.


ئەم هونەرمەندە پێشتریش خاوەنی چەندین هەڵوێستی نیشتمانی بووە، لەوانە لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ پشتگیریکردن لە دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەرهەمێکی نیشتمانیی بڵاوکردەوە کە دەنگدانەوەیەکی باشی لە نێو هەوادارانیدا هەبوو.


ئەم زانیارییانە لە پێگەی فەرمی هونەرمەند و سەرچاوە هەواڵییە هونەرییەکانەوە وەرگیراون.


PM:07:12:09/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل