‌میگالۆپۆلیس؛ ئەو پڕۆژە خەونەی بوو بە گەورەترین شکستی ژیانی فرانسیس کۆپۆلا

وێستگە ستایل-

میگالۆپۆلیس؛ ئەو پڕۆژە خەونەی بوو بە گەورەترین شکستی ژیانی فرانسیس کۆپۆلا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کاتێک باس لە ناوی فرانسیس فۆرد کۆپۆلا دەکرێت، یەکسەر مێشکمان بۆ شاکارە نەممرەکانی وەک "پدرخواندە" دەچێت، بەڵام ساڵی 2024 بۆ ئەم دەرهێنەرە تەمەن 85 ساڵە بوو بە ساڵی ڕوودانی کارەساتێکی سینەمایی چاوەڕواننەکراو. فیلمی نوێی ئەم دەرهێنەرە بە ناوی "Megalopolis" کە دەیان ساڵ بوو خەونی پێوە دەبینی، نەک هەر نەبووە جێگەی ڕەزامەندی، بەڵکو لەلایەن زۆربەی سەکۆ و ماڵپەڕە جیهانییەکانی هەڵسەنگاندنی فیلمەوە نزمترین نمرەی پێدراوە و وەک خراپترین و بێواتاترین بەرهەمی مێژووی کۆپۆلا پۆلێن کراوە.


ئەم فیلمە کە ماوەکەی زیاتر لە دوو کاتژمێرە، لە ڕووی داراییەوە تووشی داڕمانێکی بێوێنە بووەتەوە؛ لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنانەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 136 ملیۆن دۆلار، بەڵام لە بۆکس ئۆفیسدا تەنیا توانیویەتی 14 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە. ئەوەی ئەم شکستەی زیاتر تڵخ کردووە، ئەوەیە کە کۆپۆلا سەرکێشییەکی گەورەی کردووە و تەواوی پارەی فیلمەکەی لە گیرفانی خۆی داوە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە بەشێکی زۆر لە موڵک و ماڵی تایبەتی خۆی فرۆشتووە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بگەیەنێتە بەرهەم، بەڵام ئەنجامەکەی بوو بە زیانێکی دارایی گەورە کە قەرەبوو کردنەوەی ئەستەمە.


ڕەخنەگرانی سینەما بە توندی هێرشیان کردووەتە سەر فیلمەکە و دەڵێن چیرۆکەکەی زۆر ئاڵۆزە و "هیچ واتایەکی نییە"، بینەر لە ناو هەزاران وێنە و دیالۆگی فەلسەفیدا ون دەبێت بێ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی ڕوون. لە بەرامبەر ئەم هەموو ڕەخنانەدا، کۆپۆلا بە جۆش و خرۆشەوە بەرگری لە کارەکەی دەکات و پێی وایە "میگالۆپۆلیس" کارێکی شاعیرانەیە و ڕەنگدانەوەی ناخی خۆیەتی، ئەو دەڵێت نەیویستووە فیلمێکی بازرگانیی سادە دروست بکات، بەڵکو ویستوویەتی شتێک جێبهێڵێت کە پەیوەندی بە ڕۆحی مرۆڤ و شارستانییەتەوە هەبێت.


بەڵام جیهانی سینەما و ڕەخنەگران بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هونەری فیلمسازی دەبێت بۆ بینەر بێت نەک تەنها بۆ ئارەزووە شەخسییەکانی دەرهێنەر. کاتێک دەرهێنەرێک تەنها لە دیدی خۆیەوە سەیری چیرۆکەکە دەکات و گوێ بە تێگەیشتنی بینەر نادات، کارەساتێکی وەکو میگالۆپۆلیسی لێ دەكەوێتەوە. ئەم فیلمە ئێستا وەک نموونەیەکی وانە ئامێز دەبینرێت کە چۆن تەنانەت گەورەترین ناوەکانی هۆلیوودیش دەکرێت بکەونە ناو هەڵەیەکی گەورەی وەهاوە کاتێک سنووری نێوان "داهێنان" و "سەر لێشێوان" تێکەڵ دەکەن.


لەکۆتاییدا، میگالۆپۆلیس هەرچەندە وەک "شکستی تەمەن" بۆ کۆپۆلا دەستنیشان کراوە، بەڵام وەک پڕۆژەیەک دەمێنێتەوە کە نیشانی دەدات چۆن دەرهێنەرێکی گەورە ئامادەیە هەموو سامانەکەی لەپێناو خەونێکدا دابنێت، تەنانەت ئەگەر جیهانیش پێی بڵێن ئەو خەونە هیچ واتایەکی نییە. ئەم فیلمە بۆ هەمیشە وەک تابلۆیەکی ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕ لە مێژووی سینەمادا دەمێنێتەوە.


سەرچاوە: گۆڤاری هۆلیوود ڕیپۆرتەر (The Hollywood Reporter) _ وایرد (Wired)


PM:11:10:07/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل