‌شوقەی نیشتەجێبوون بۆ مردووان؛ قەیرانی گۆڕستانەکان لە چین دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار

وێستگە ستایل-

شوقەی نیشتەجێبوون بۆ مردووان؛ قەیرانی گۆڕستانەکان لە چین دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 


لە دیاردەیەکی نامۆ و جێگەی سەرنجدا، بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی زەوی گۆڕستانەکان لە وڵاتی چین وای لە خێزانەکان کردووە کە شوقەی نیشتەجێبوون بکڕن نەک بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆڵەمێشی تەرمی مردووەکانیان، ئەمەش وایکردووە باڵەخانەکان پڕ ببن لە "دراوسێیە بێدەنگەکان".


ئەم کێشەیە کاتێک سەریهەڵدا کە نرخی یەک مەتر زەوی لە گۆڕستانێکی شارێکی وەک شەنگەهای گەیشتە ٧٦٠ هەزار یوانی چینی، لە کاتێکدا کڕینی یەک مەتر لە شوقەیەکی ئاساییدا تەنها ٥٥ هەزار یوانی تێدەچێت، ئەم جیاوازییە گەورەیە خەڵکی ناچار کردووە ڕێگەیەکی هەرزانتر بۆ مردووەکانیان بدۆزنەوە.


جگە لە لایەنی دارایی، لایەنی یاساییش هۆکارێکی ترە، چونکە مافی بەکارهێنانی شوقە بۆ ٧٠ ساڵە، بەڵام زەوی گۆڕستان تەنها بۆ ٢٠ ساڵ بە خاوەنەکەی دەدرێت و دواتر دەبێت پارەی بۆ بدەنەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە باڵەخانەکان لە شارەکانی پەکین و تیانجین بە تەواوەتی ببنە شوێنی کۆکردنەوەی خۆڵەمێشی مردووان.


ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی زۆر لای ئەو هاووڵاتیانەی کە لەو باڵەخانانەدا دەژین، بە تایبەت لە کاتی مەراسمە ئایینییەکاندا کە دووکەڵ و بۆنی بخوور هەموو شوێنەکە دەگرێتەوە، ئەمەش وایکرد حکومەتی چین بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی شوقە بۆ ئەم مەبەستە دەربکات.


لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکە، مشتومڕێکی گەورە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست بووە و هاووڵاتیان دەڵێن "تێچووی مردن زۆر گرانە" و خەڵکی هەژار تەنانەت توانای ئەوەشی نەماوە بە شێوەیەکی شایستە مردووەکانیان بنێژن، ئەمەش وەک قەیرانێکی کۆمەڵایەتی قوڵ دەبینرێت.


ئاژانسە هەواڵییەکانی چین


PM:11:06:07/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل