‌نهێنییەکی مێژوویی ئاشکرا دەبێت؛ ئایا ئەلفبێی ئەرمینی و جۆرجی لە ئەسیوپییەوە هاتوون؟

وێستگە ستایل-

نهێنییەکی مێژوویی ئاشکرا دەبێت؛ ئایا ئەلفبێی ئەرمینی و جۆرجی لە ئەسیوپییەوە هاتوون؟


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە لە بواری زمانەوانیدا ئەنجامدراوە، پەردەی لەسەر نهێنییەکی مێژوویی سەرسوڕهێنەر لادا، کە تێیدا شارەزایانی بواری پەرەسەندنی زمان وەڵامێکی نوێیان بۆ لێکچوونی نێوان ئەلفبێی وڵاتانی ناوچەی قەوقاز وەک ئەرمینیا و جۆرجیا لەگەڵ ئەلفبێی دێرینی وڵاتی ئەسیوپیا دۆزراوەتەوە. ئەم دۆزینەوەیە کە باس لە پەیوەندییەکی کلتووری و زمانەوانی نێوان دوو ناوچەی دوور لە یەکتر دەکات، گۆڕانکاری لە تێڕوانینی مێژوونووسان بۆ چۆنیەتی پەرەسەندنی سیستمەکانی نووسین دروست دەکات.

ئەم توێژینەوەیە لە زانکۆی سان دیەگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد ئەنجامدراوە. تیمی توێژەران شیکردنەوەی وردیان بۆ پێکهاتەی پیت و هێماکانی ئەلفبێی ئەرمینی، جۆرجی و زمانی دێرینی ئەسیوپی کردووە و ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەلفبێی ئەرمینی بەرزترین ئاستی لێکچوونی لەگەڵ پێکهاتەی ئەلفبێی دێرینی ئەسیوپیدا هەیە. هەروەها دەرکەوتووە کە ئەلفبێی ئەلبانیی قەوقازی و دواتریش ئەلفبێی جۆرجی، هەمان ئەو تایبەتمەندی و کاریگەرییانەیان پێوە دیارە کە لە شێوازی نووسینی ئەفریقییە دێرینەکاندا هەبوون.

توێژەران گەیشتوون بە وەڵامێکی مێژوویی گرنگ کە ئەم لێکچوونە ڕووندەکاتەوە، ئەویش پەیوەندی بە پرسی کۆچی مرۆڤەوە هەیە لە سەرەتای سەدەی پێنجەمی زایینیدا. زانایان جەخت دەکەنەوە کە بنەڕەتی داهێنانی ئەلفبێی ئەرمینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٤٠٥ی زایینی، ئەمەش ڕێک ئەو سەردەمەیە کە سیستمی نووسینی ئەسیوپی گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکارهێنراوە. لەو سەردەمەدا دانیشتووانی باکووری ئەفریقا و بە تایبەتی ئەسیوپییەکان، گەشت و کۆچی زۆریان بەرەو ناوچەکانی ئۆرشەلیم، میسڕ و سووریا ئەنجامداوە، ئەمەش بووەتە هۆی گواستنەوەی کلتوور و شێوازی نووسین بۆ ناوچەکانی تری وەک قەوقاز.

ئەلفبێی دێرینی ئەسیوپی کە بە ئەلفبێی "جەعزی" ناسراوە، یەکێکە لە دێرینترین ئەلفبێ زیندووەکانی جیهان و مێژووی داهێنانی بۆ دوو هەزار بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەم سیستمە لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا گەیشتە قۆناغێکی پێشکەوتوو لە پەرەسەندن و بوو بە یەکێک لە سیستمە هەرە گرنگەکانی نووسین لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک کە توانیویەتی ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و کاریگەری بۆ گەلانی تری ناوچە دوورەدەستەکانی وەک قەوقازیش، کە لەو سەردەمەدا سەرقاڵی داهێنانی سیستمی نووسینی تایبەت بە خۆیان بوون.

لە کۆتایی توێژینەوەکەدا زانایان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم لێکچوونە بە واتای "لەبەرگرتنەوەی تەواوەتی" نایەت، بەڵکو نیشاندەری ئەوەیە کە زمانەکان لەژێر کاریگەریی قووڵی یەکتریدا بوون. مێژووی داهێنانی ئەلفبێ لە ناوچەکانی قەوقاز نیشانی دەدات کە داهێنەرانی ئەو سیستمە سوودیان لە تایبەتمەندییە هونەری و زمانەوانییەکانی ئەلفبێی ئەسیوپی وەرگرتووە بۆ داڕشتنی پیتە نوێیەکانی خۆیان، ئەمەش جارێکی تر گرنگی تێکەڵاوبوونی شارستانییەتەکان و کاریگەری کۆچی مرۆڤ لەسەر پێشکەوتنی زانست و کلتوور دوپات دەکاتەوە.

University of San Diego


PM:11:18:04/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل