‌بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە؛ مەراسیمی خەڵاتی زێڕینی بلە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

وێستگە ستایل-

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە؛ مەراسیمی خەڵاتی زێڕینی بلە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، بڕیاریان داوە وادەی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی زێڕینی بلە بۆ کاتێکی دیکە دوابخەن، ئەم بڕیارەش دوای هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخەکە و لەپێناو ڕەچاوکردنی دۆخی گشتی و نەخوازراوی ناوچەکە دراوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر چالاکییە کلتوورییەکان دروست کردووە.

ئەم دواخستنە لە کاتێکدایە کە ئێستا ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیدا تێدەپەڕن، ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژینگەی ئێستای ناوچەکە بۆ سازکردنی مەراسیم و کۆڕی جەماوەری گەورە لەو شێوەیە گونجاو نییە، هەر بۆیە وەک بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر بە سەلامەتی بەشداربووان و پاراستنی شکۆی یادەکە، بڕیاریان داوە دابەشکردنی خەڵاتەکان بۆ کاتێکی گونجاوتر لە ئاییندەدا دوابخەن.

بەپێی بەرنامەی کار و نەریتی ساڵانەی دامەزراوەکە، بڕیار وابوو ئەم ڕێوڕەسمە شکۆدارە لە ٢٦ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەر، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری گەورەی کورد "ئیبراهیم ئەحمەد" لە ڕێکەوتی ٨ـی نیسانی ٢٠٢٦دا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دۆخە ئەمنییەکان و تێکچوونی سەقامگیری ناوچەکە، لەو وادە دیاریکراوەدا ئەنجام نادرێت و دیاریکردنی کاتێکی نوێش بەستراوەتەوە بە باشبوونی بارودۆخەکان و ئاساییبوونەوەی ژیانی گشتی.

خەڵاتی زێڕینی بلە، یەکێکە لە خەڵاتە هەرە دیار و پڕ بایەخە کلتووری و نیشتمانییەکانی کوردستان کە ساڵانە لە یادی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەددا دابەش دەکرێت. ئەم خەڵاتە وەک وەفایەک بۆ مێژوو و خەباتی ئەو نووسەرە گەورەیە، دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییە دیار و کاریگەرانەی کورد کە لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئەدەب، هونەر، زانست و خزمەتی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی کارایان هەبووە و خزمەتێکی بەرچاویان بە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی کردووە.

لە ئێستادا هاووڵاتییان و دۆستانی ئەدەب و کلتوور چاوەڕوان دەکرێت لە کاتێکی گونجاوتردا و دوای ڕەوینەوەی تەمومژی ئاڵۆزییەکان، ئاگاداری وادەی نوێی مەراسیمەکە بن، تاوەکو بە شێوەیەکی شایستە و لە کەشێکی ئارامدا ڕێز لەو داهێنەرانە بگیرێت کە کاندید کراون بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتی و نیشتمانییە.

ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن


PM:11:10:04/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 24 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل