‌چەمچەماڵ ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید دەکات

وێستگە ستایل-

چەمچەماڵ ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


شاری چەمچەماڵ، کە بە پایتەختی ئەنفال دەناسرێت، ئامادەکارییەکانی بۆ شەشەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید دەستپێکردووە. سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە داوا لە فیلمسازان دەکەن کە بەرهەمەکانیان بنێرن تا لەم خولە نوێیەدا بەشداریی بکەن، کە ئامانجی سەرەکیی بەدۆکیومێنتکردنی تاوانە گەورەکانە دژ بە مرۆڤایەتی


مەرجەکانی بەشداریکردن بۆ ئەمساڵ دیاریکراون؛ پێویستە فیلمەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٦ بەرهەم هێنرابێتن. کاتەکەیان نابێت لە ٢٠ خولەک تێپەڕێت و چیرۆکەکانیان دەبێت لەبارەی جینۆسایدی کورد یان نەتەوەکانی تری جیهان بێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە فیلمەکان دەبێت ژێرنووسی عەرەبی یان ئینگلیزییان هەبێت.


ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و بەرهەمەکان لە حەوت پۆلی جیاوازدا کێبڕکێ دەکەن، لەوانە: فیلمی درێژی کوردی، کورتە-بەڵگەفیلم، و فیلمی قوتابیان. تەنانەت بەشێک بۆ فیلمە کلاسیکەکان تەرخانکراوە، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ دووبارە بینینەوەی ئەو کارە مێژووییانەی کە باس لە ئازارەکانی مرۆڤ دەکەن.


دوا وادە بۆ ناردنی بەرهەمەکان ٢٥ی نیسانە. ئەم فێستیڤاڵە سەکۆیەکە بۆ هاوارکردنی مەزڵوومییەتی گەلی کورد و پاراستنی یادەوەریی قوربانیانی جینۆساید لە ڕێگەی سینەماوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بەشدارییەکی بەرچاوی فیلمسازانی ناوخۆ و دەرەوە بەدی بکرێت.


Kurdistan Arts - Festival Announcemen


PM:10:40:02/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌