ڤینسنت ڤان گۆخ؛ شێوەکارە ناوازەکەی هۆڵەندا کە جیهانی هەژاند
وێستگە ستایل-
ڤینسنت ڤان گۆخ؛ شێوەکارە ناوازەکەی هۆڵەندا کە جیهانی هەژاند
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ڤینسنت ڤان گۆخ، یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین شێوەکارەکانی مێژووی هونەر، بە خاوەنی شێوازێکی تایبەتی پاش ئیمپرێشیۆنیستی دادەنرێت کە تەنها لە ماوەی یەک دەیەی کارکردنیدا، نزیکەی دوو هەزار و ١٠٠ تابلۆی کێشاوە، کە ٨٦٠ دانەیان بە رۆنی زەیتی بووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە سەرەڕای ئەو ناوبانگە جیهانییەی ئێستا هەیەتی، لە سەردەمی ژیانی خۆیدا هیچ سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە و تەنها حەوت مانگ پێش مردنی توانیویەتی یەکەم تابلۆی خۆی بە نرخێکی زۆر کەم بفرۆشێت، ئەمەش نیشانەی ئەو بێبایەخییەیە کە لەو سەردەمەدا بۆ کارەکانی هەبووە.
پێش ئەوەی روو لە دنیای نیگارکێشی بکات، ڤان گۆخ خەونی ئەوە بووە ببێتە پیاوێکی ئایینی و لە قوتابخانەی لاهوت بخوێنێت، بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی فێربوونی زمانی لاتینی کە بە زمانێکی مردووی دەزانی، لە قوتابخانە دەرکرا، دواتر لە تەمەنی بیستەکانیدا گەڕایەوە سەر پیشەی فرۆشیاری کاری هونەری لای مامی و پاشان دەستی داوەتە وێنەکێشان.
ژیانی تایبەتی ڤان گۆخ پڕبووە لە ئازار، ئەو ناوی براکەی لێنراوە کە ساڵێک پێش لەدایکبوونی ئەو کۆچی دوایی کردبوو، هەمیشە کاتێک سەردانی گۆڕەکەی دەکرد ناوی خۆی لەسەر کێلەکە دەبینییەوە، لە کۆتایی تەمەنیشیدا بەهۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە پەنای بۆ خواردنی رەنگەکان بردووە و لە رووداوێکی تەمومژاویدا تەنها نەرمایی گوێچکەی خۆی بڕیوە.
ئەم هونەرمەندە لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا و لە ٢٩ی تەممووزی ١٨٩٠ بەهۆی برینی فیشەکێکەوە کە ناوی بە سینەی خۆیەوە، پاش ٣٠ کاتژمێر لە ئازار کۆچی دوایی کرد، هەرچەندە زۆرینەی کارەکانی لەلایەن خەڵک و تەنانەت دایکییەوە وەک بێبایەخ بینراون و بەشێکی زۆریان لەناوچوون، بەڵام بە هەوڵی یۆهانای براژنەکەی و تیۆی برای، کارەکانی پارێزران و بوونە شاکاری جیهانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی خانەی سۆسەبی بۆ زیادکردنی ئاشکرا.
PM:11:30:30/03/2026
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه