لوقمان سەلیم نوێترین بەرهەمی نیشتمانی بە ناوی "کوردستان" وەک دیارییەک بۆ جەژنی نەورۆز بڵاودەکاتەوە
وێستگە ستایل-
لوقمان سەلیم نوێترین بەرهەمی نیشتمانی بە ناوی "کوردستان" وەک دیارییەک بۆ جەژنی نەورۆز بڵاودەکاتەوە
وێستگە ستایڵ - سۆلین عوسمان
هونەرمەندی ناسراو لوقمان سەلیم، لە نوێترین دەرکەوتنی هونەریدا ئامادەکارییەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی نیشتمانیی گەورە تەواو کردووە. ئەم بەرهەمە کە لەژێر ناونیشانی "کوردستان"دایە، وەک پەیامێکی وەفاداری بۆ خاک و نیشتمان دەبینرێت و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا و هاوکات لەگەڵ یادە نەتەوەییەکاندا، پێشکەش بە هەواداران و بینەرانی مۆسیقای کوردی بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکان، لوقمان سەلیم ئاشکرای کردووە کە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، واتە لە شەوی نەورۆزدا و لە کاتژمێر هەشتی شەودا، بەرهەمە نوێیەکەی بە شێوەیەکی فەرمی لە هەژمارە تایبەتەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە جیهانییەکانی یوتیوب بڵاودەکاتەوە، تا ببێتە بەشێک لە ئاهەنگگێڕانەکانی گەلی کورد بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی کوردی.
ئەم بەرهەمە هونەرییە لە رووی ئامادەکردن و پێکهاتەوە ستافێکی پڕۆفیشناڵ و بەتوانای لەپشتە، کە تێیدا مازیار فایەق ئەرکی نووسینی تێکستەکەی کێشاوە و گۆڤەند بەرزنجیش کاری میلۆدی و ئەرێنجمێنتی بۆ ئەنجامداوە. هەروەها بۆ ئەوەی بەرهەمەکە لە رووی دەنگەوە لە ئاستێکی بەرزدا بێت، بڵند قەرەداغی کاری ریکۆرد و ماسترینگی بۆ کردووە، لە هەمان کاتدا هێژا عەبدوڵا ئەرکی مۆنتاژ و ئامادەکردنی کلیپەکەی لە ئەستۆ گرتووە. یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم گۆرانییە، بەشداریی گرووپێکی فراوان لە هونەرمەندانی رۆژئاوای کوردستانە وەک کۆرس، کە پێکهاتوون لە (سومەیا محەمەد، نەسرین بۆتان، حاجی موسا، نەورۆز سلێمان، سەلمان ئیبراهیم، رەوشەن ئیبراهیم، و هێڤا عەلی)، ئەمەش رەهەندێکی نەتەوەیی و یەکگرتوویی بە کارە هونەرییەکە بەخشیوە.
لوقمان سەلیم وەک یەکێک لە هونەرمەندە بە ئەزموون و پڕ کارەکانی کوردستان هەژمار دەکرێت، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە بواری هونەریدا چالاکە و خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیەتی لە گۆرانی و موزیکدا. ناوبراو لە کاروانی هونەری خۆیدا کۆمەڵێکی زۆر لە ڤیدیۆ کلیپ و گۆرانی پێشکەش کردووە کە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا جێگەی خۆیان کردووەتەوە، هەمیشەش هەوڵیداوە لە رێگەی بەرهەمەکانیەوە گوزارشت لە هەستە نیشتمانی و مرۆییەکان بکات
چاوەڕوان دەکرێت بڵاوکردنەوەی گۆرانی "کوردستان" لەم کاتەدا، دەنگدانەوەیەکی باشی هەبێت و ببێتە یەکێک لەو کارە هونەرییانەی کە لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا لە ناوەندە گشتییەکان و یادەکاندا زیاترین گوێبیستی هەبێت، بەتایبەت کە بەرهەمەکە بە شێوازێکی نوێ و بە بەشداری چەندین دەنگی جیاواز ئامادە کراوە.
سەرچاوە: هەژماری فەرمی هونەرمەند لوقمان سەلیم
PM:06:37:21/03/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه