‌وەزیری کلتوری بەریتانیا بەرگری لە بی بی سی دەکات و کێشەی "جەنگی کلتوری" سەرهەڵدەداتەوە

وێستگە ستایل-

وەزیری کلتوری بەریتانیا بەرگری لە بی بی سی دەکات و کێشەی "جەنگی کلتوری" سەرهەڵدەداتەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لیزا ناندی، وەزیری کلتوری بەریتانیا، بەرگرییەکی سەختی لە دامەزراوەی بی بی سی کرد و وەک "پێویستییەکی سەرەکی" بۆ تەندروستی دیموکراسی وەسفی کرد. ناندی ڕایگەیاند کە ڕێکاری نوێ دەگرنە بەر بۆ پاراستنی ئەم دەزگایە لە دەستێوەردانی سیاسی و کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی کە ناچاری دەکەن بەردەوام بەهای خۆی بسەلمێنێت، بەڵام وتارەکەی ناندی کەوتە ژێر سێبەری Controversy یان کێشەیەکی نوێ کە لە بەرنامەی "Woman’s Hour"ی رادیۆی بی بی سی دروستبوو.


وەزیرەکەی بەریتانیا لە وتارەکەیدا داوای کۆتاییهێنان بەو "جەنگە کلتورییە ماندووکەرانەی" کرد کە بی بی سییان کردووەتە ئامانجی ناڕەزایەتییە گشتییەکان. بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێک پێش وتارەکەی، بەرنامەی "کاژێری ئافرەتان" کە تایبەتە بە دیدگای ژنان، میوانداری کۆمەڵناسێکی ئۆسترالی کرد بە ناوی (ریوین کۆنێڵ) کە پیاو بووە و لە تەمەنێکی درەنگدا ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە بۆ ژن، بۆ ئەوەی باسی کێشەی "ژنهەستی و سوکایەتیکردن بە ژنان" بکات. ئەمەش توڕەیی زۆری لای لایەنگرانی مافی ژنان و فێمێنیستەکان دروستکرد.


رەخنەگران دەڵێن چۆن دەبێت کەسێک کە وەک پیاو گەورە بووە و دواتر ڕەگەزی گۆڕیوە، وەک پسپۆڕ باسی ئازارەکانی ژنهەستی (Misogyny) بۆ ژنان بکات. ئەم کێشەیە دووبارە مەلەفی جێنی مۆرای، پێشکەشکاری پێشووی بەرنامەکەی کردەوە کە دەوترێت دوای ئەوەی ڕایگەیاندبوو "ئەو پیاوانەی ڕەگەزیان دەگۆڕن نابنە ژنی ڕاستەقینە" لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە بی بی سی لە نێوان نواندنی فرەیی و پاراستنی مافی ژناندا دووچاری پەککەوتن بووە.


جگە لە بابەتی ڕەگەزی، بی بی سی لە ڕووی متمانەشەوە لە قەیراندایە؛ بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی دامەزراوەی (Good Growth)، متمانەی خەڵک بە بی بی سی لە دە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی پێوانەیی دابەزیوە. نیوەی هاوڵاتیانی بەریتانیا پێیان وایە بی بی سی لە بابەتەکانی وەک برێکزیت و شەڕی غەززەدا لایەنگری کردووە و متمانەیان پێی نەماوە.


هەوڵەکانی لیزا ناندی بۆ پاراستنی بی بی سی لەم کاتەدا، وەک سەرکێشییەکی سیاسی دەبینرێت بۆ حکومەتی پارتی کرێکار، چونکە لە لایەک دەیەوێت دامەزراوەیەکی نیشتمانی بپارێزێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دەبێتەوە کە پێیان وایە بی بی سی چیتر گوزارشت لە دەنگی زۆربەی خەڵک ناکات و کەوتووەتە ژێر کاریگەری گروپە ئایدیۆلۆژییەکانەوە.


سەرچاوە: رۆژنامەی تایمز و رادیۆی بی بی سی ٤.


PM:07:45:20/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 16 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل