گیلیان ئەندەرسۆن دەگەڕێتەوە سەر تەختی شانۆی "وەست ئێند" بە شاکارێکی کلاسیی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
خانمە ئەکتەری ناودار "گیلیان ئەندەرسۆن" بڕیارە جارێکی تر بە نواندنە ناوازەکەی هۆڵەکانی شانۆی "وەست ئێند" لە لەندەن بهەژێنێتەوە، کاتێک لە شانۆگەرییە بەناوبانگەکەی ئێدوارد ئەڵبی "کێ لە ڤێرجینیا وولف دەترسێت؟" ڕۆڵی "مارسا" دەبینێت.
لەم بەرهەمە نوێیەدا کە لە دەرهێنانی ماریان ئیلیۆتە، ئەکتەری ناسراو بیلی کروداپ ڕۆڵی "جۆرج" دەبینێت. ئەم شانۆگەرییە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٢ نمایشکرا، یەکێکە لە قووڵترین کارە ئەدەبییەکان کە باس لە پەیوەندی هاوسەگیری، ڕق، نائومێدی و تێکچوونی دەروونی دەکات لە چوارچێوەی درامایەکی تونددا.
نمایشەکە لە هۆڵی (@sohoplace) بە شێوازی بازنەیی دەبێت، ئەمەش وا دەکات بینەر زۆر لە ئەکتەرەکانەوە نزیک بێت و هەست بە هەموو ئازار و کێشە دەروونییەکانی کاراکتەرەکان بکات. گەڕانەوەی ئەندەرسۆن بۆ ئەم ڕۆڵە گەورەیە، بایەخێکی زۆری هەیە چونکە ئەو ئەکتەرێکە دەتوانێت ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ بە جوانی نیشان بدات.
ئەم شانۆگەرییە مێژوویەکی پڕ لە خەڵاتی هەیە و چەندین ئەکتەری گەورەی جیهانی ڕۆڵیان تێدا بینیوە. هەمیشە وەک تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ ئەکتەرەکان سەیر دەکرێت، چونکە پێویستی بە توانایەکی جەستەیی و دەروونی زۆر هەیە بۆ گەیاندنی ئەو هەموو ململانێیەی لە نێوان ژن و مێردەکەدا هەیە.
ئامادەکردنی ئەم جۆرە تێکستە کلاسیکانە بۆ نەوەی نوێ، نیشانی دەدات کە کێشە مرۆییەکان بە تێپەڕبوونی کات ناگۆڕێن. "وەست ئێند" بەردەوامە لە زیندووکردنەوەی شاکارەکان، بەڵام بە دیدگایەکی نوێ کە لەگەڵ بینەری سەردەمدا بگونجێت
سەرچاوە: لەندەن تیاتەر
PM:11:20:19/03/2026