‌نهێنییەکی نوێ لەسەر مەریخ؛ دەرکەوتنی پێکهاتەیەکی هەرەمی و گەڕانەوەی مشتومڕەکان بۆ بوونی شارستانیەتێکی کۆن

وێستگە ستایل-

نهێنییەکی نوێ لەسەر مەریخ؛ دەرکەوتنی پێکهاتەیەکی هەرەمی و گەڕانەوەی مشتومڕەکان بۆ بوونی شارستانیەتێکی کۆن


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


جارێکی دیکە هەسارە سوورەکە بووەوە بە جێگەی سەرنجی گەردوونناسان و میدیا جیهانییەکان، کاتێک گرتە ڤیدیۆییەکی نوێی ئاژانسی ناسا بڵاوکرایەوە کە تێیدا پێکهاتەیەکی سێ لایەنی هاوشێوەی هەرەمەکانی میسر لەسەر ڕووی مەریخ دەردەکەوێت، ئەمەش وای کردووە تیۆرییەکانی تایبەت بە بوونی ژیان و شارستانیەتی پێشکەوتوو لە ڕابردوودا جارێکی دیکە زیندوو ببنەوە و ببنە جێی باسی توێژەران.


ئەم پێکهاتە سەرنجڕاکێش و ناوازەیە کە دەکەوێتە ناوچەی "کاندۆر چاسما" لە ناو جەرگەی گەورەترین دۆڵەکانی کۆمەڵەی خۆردا، بووەتە جێی باسی گەرمی توێژەرانی بواری گەردوون و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. بڵاوبوونەوەی ئەم دیمەنانە لەلایەن بەڵگەفیلمساز برایان دۆبسەوە، شەپۆلێکی نوێی لە پرسیار و لێکدانەوەی زانستی و نادیار دروست کردووە دەربارەی ئەوەی ئایا مەریخ لە ڕابردووێکی زۆر کۆندا نیشتمانی بوونەوەرە ژیرەکان بووە؟

برایان دۆبس لە لێکدانەوەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە قەبارەی ئەم هەرەمە زۆر گەورەیە و هاوشێوەی هەرەمە مەزنەکانی سەر زەوییە، هەرچەندە ئەمە بە بەڵگەی سەد لە سەد دانانرێت، بەڵام پرسیاری جدی دەوروژێنێت. لە لایەکی ترەوە، توێژەر جۆرج هاوس جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێکخراوی و ئەندازەیی ئەم پێکهاتەیە ئەوەندە وردە کە ئەگەری دەستکردبوونی زۆر زیاترە لەوەی تەنها بەرهەمی سروشت و گۆڕانکارییە زەویناسییەکان بێت، چونکە ئەم هەرەمە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١٦ لە چەندین وێنەی جیاوازدا و لە ژێر تیشکی جیاوازی خۆردا هەمان شێوەی ڕێکی خۆی پاراستووە.


ئەم بابەتە کاتێک ئاڵۆزتر بوو کە پەردە لەسەر هەندێک بەڵگەنامەی نهێنی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA) لادرا کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی هەشتاکان دەگەڕێتەوە. لەو بەڵگەنامانەدا کە بە ناوی "پڕۆژەی ستارگەیت" ناسراون، باس لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەروونی دەکرێت کە تێیدا کەسەکان لە ڕێگەی گەشتی خەیاڵییەوە باسیان لە بینینی هەرەمی گەورە و ڕێگاوبان و شارستانیەتێکی لەناوچوو لەسەر مەریخ کردووە، تەنانەت جۆزێف مەکمۆنیگڵ یەکێک لە ئەندامانی پێشووی پڕۆژەکە باسی لە بوونی ژووری گەورە لەناو ئەو هەرەمانەدا کردووە.


سەرەڕای ئەم هەموو دەنگۆ و بەڵگە ناڕاستەوخۆیانە، زانایانی ئاژانسی ناسا هێشتا وریایی دەدەن و دەڵێن ناوچەی "ڤالیس مارینێریس" بەوە ناسراوە کە خاوەنی تاشەبەرد و لێژایی زۆر تیژە کە دەکرێت بە شێوەیەکی سروشتی شێوەی ئەندازەیی وەربگرن. ئەوان پێیان وایە تیشک و سێبەر و جۆری بەردەکان دەکرێت جۆرە فێڵێکی بینین دروست بکات کە لە دوورەوە وەک هەرەمێکی ڕێک دەربکەوێت.


تا ئەو کاتەی مرۆڤ یان ڕۆبۆتە پێشکەوتووەکان بە شێوەیەکی فیزیایی نەگەنە ناو جەرگەی "کاندۆر چاسما" و لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆ بۆ پێکهاتەی بەردەکانی ئەو ناوچەیە نەکەن، نهێنی ئەم هەرەمە بە نادیاری دەمێنێتەوە و وەک مەتەڵێک لە نێوان لێکدانەوەی زانستی و تیۆرییەکانی بوونەوەرە ئاسمانییەکاندا کێبڕکێ دەکات.


سەرچاوە: Daily Mail


PM:08:16:18/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل