سۆنی و مارڤڵ یەکەم ترەیلەری سپایدەرمانیان بڵاوکردەوە؛ "New Brand Day" دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە
وێستگە ستایل-
سۆنی و مارڤڵ یەکەم ترەیلەری سپایدەرمانیان بڵاوکردەوە؛ "New Brand Day" دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
پاش چەندین مانگ لە چاوەڕوانییەکی پڕ لە پەرۆشی بۆ هەوادارانی سینەما، دواجار هەردوو کۆمپانیای سۆنی و مارڤڵ، یەکەمین ترەیلەری فەرمی فیلمە نوێیەکەی سپایدەرمانیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کارەکتەرەکەدا دەردەکەوێت.
ئەم بەرهەمە نوێیە، کەسایەتی پیتەر پارکەر بە ڕۆڵگێڕانی ئەکتەری لاو تۆم هۆڵاند، دەخاتە نێو قۆناغێکی تەواو جیاواز و سەردەمێکی نوێ لە جیهانی سینەمایی مارڤڵدا، کە تێیدا بینەران ڕووبەڕووی چەندین گۆڕانکاریی دراماتیکی دەبنەوە لە ژیانی ئەم سوپەرهیرۆیەدا.
بەگوێرەی ئەوەی لە ترەیلەرەکەدا بینراوە، چەندین کەسایەتی نوێ و بەهێز دەردەکەون کە بەشداریی لە شەڕە نوێ و ئاڵۆزەکانی سپایدەرماندا دەکەن، هاوکات چەندین کارەکتەری ڕابردووی ئەم جیهانە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەردەکەونەوە، ئەمەش گەرموگوڕییەکی زیاتری بە فیلمەکە بەخشیوە.
ئەم هەنگاوە نوێیەی مارڤڵ و سۆنی دوای سەرکەوتنە بێوێنەکەی کۆتا بەشی سپایدەرمان دێت، کە تێیدا توانرا چەندین کارەکتەری کۆن و ئاشنا بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو چیرۆکەکە و هەرایەکی گەورە لە ناوەندە هونەرییەکاندا بنێنەوە.
فیلمەکە بە ناونیشانی فەرمی "New Brand Day" بڕیارە لە ڕێکەوتی ٣١ی تەمموزی ئەمساڵ لە سینەماکانی جیهاندا نمایش بکرێت و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی پێوانەیی لە داهاتدا تۆمار بکات، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە بینەر پێویستە سەرەتا بەشەکانی پێشوو ببینێت بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکەکە، هەروەها ڕەچاوی ئەوەش بکرێت کە ترەیلەرەکە چەندین "سپۆیلەر"ی تێدایە.
سۆنی پیکچەرز و مارڤڵ ستۆدیۆ
PM:07:16:18/03/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه