‌پەردە لەسەر نهێنییەکە لادرا؛ ناسنامەی ڕاستەقینەی بانکسی هونەرمەندە نادیارەکە ئاشکرا کرا

وێستگە ستایل-

پەردە لەسەر نهێنییەکە لادرا؛ ناسنامەی ڕاستەقینەی بانکسی هونەرمەندە نادیارەکە ئاشکرا کرا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


پاش ساڵانێکی زۆر لە گومان و لێکۆڵینەوە، دواجار یەکێک لە گەورەترین نهێنییەکانی جیهانی هونەری هاوچەرخ ئاشکرا بوو. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ناسنامەی ئەو هونەرمەندە بەریتانییە دەرکەوت کە ساڵانێکی درێژە بە ناوی "بانکسی" کارە ناوازە و پڕ بایەخەکانی پێشکەش دەکات و هەمیشە وەک کەسێکی نادیار مابووەوە.


ئەم لێکۆڵینەوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە بانکسی ناوی ڕاستەقینەی (ڕۆبن گەنینهام)ە، پیاوێکی تەمەن 51 ساڵەیە و خەڵکی شاری بریستڵی بەریتانیایە. ئەم زانیارییانە پاش بەدواداچوونی ورد بۆ ژیان و جووڵەکان و پەیوەندییەکانی ئەم هونەرمەندە لە ناوەندی هونەریدا دەستکەوتوون، کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە توانیویەتی خۆی لە چاوی کامێراکان و میدیاکان بشارێتەوە.


بۆ ئەوەی ناسنامەکەی بە شاراوەیی بمێنێتەوە، گەنینهام ڕێکاری توندی گرتووەتە بەر، تەنانەت لە ساڵی 2008دا ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ (دەیڤد جەونز)، کە یەکێکە لە باوترین ناوەکان لە بەریتانیا، تاوەکو بە ئاسانی لەناو کۆمەڵگەدا ون بێت و کەس گومانی لێ نەکات کە ئەو هەمان ئەو هونەرمەندە بەناوبانگەیە کە کارەکانی لە گەورەترین مەزادخانەکانی جیهاندا بە ملیۆنان دۆلار دەفرۆشرێن.


بانکسی یان ڕۆبن گەنینهام، بەوە ناسراوە کە کارەکانی لەسەر دیوار و شەقامە گشتییەکان بە شێوازی "ستێنسڵ" ئەنجام دەدات. تابلۆکانی تەنیا هونەر نین، بەڵکو پەیامی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕەخنەیی توندن بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری، جەنگ و نادادی. کارەکانی لە شارە جیاوازەکانی جیهاندا، لە نیویۆرکەوە تاوەکو فەلەستین، وەک سیمبولی بەرگری و ڕەخنە سەیر دەکرێن.


ئاشکرابوونی ناسنامەی بانکسی دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهانی هونەردا دروست کردووە. هەرچەندە زۆرێک پێیان وابوو مانەوەی بە نادیاری بەشێکە لە جوانی و جادووی کارەکانی، بەڵام ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا ئەم ئاشکرابوونە چۆن کار دەکاتە سەر بەهای هونەری و داهاتووی چالاکییەکانی ئەم هونەرمەندە پڕ بایەخە.


سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز


PM:10:45:16/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل