دۆزینەوەی شوێنەوارێکی نوێ لە ئوردن تێگەیشتنەکان بۆ بازرگانی چەرخی بەردین دەگۆڕێت
وێستگە ستایل-
دۆزینەوەی شوێنەوارێکی نوێ لە ئوردن تێگەیشتنەکان بۆ بازرگانی چەرخی بەردین دەگۆڕێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
شوێنەوارناسان لە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوردن شوێنێکیان دۆزیوەتەوە کە بەڵگەی بەهێزی تێدایە دەربارەی بوونی تۆڕی بازرگانی دوورودرێژ لە ٩ هەزار ساڵ پێش ئێستا، ئەمەش ئەو بیرۆکە کۆنەی گۆڕی کە دەیگوت مرۆڤەکانی سەردەمی نیۆلیتیک (چەرخی بەردینی نوێ) لە کۆمەڵگەی دابڕاو و بچووکدا ژیاون.
ئەم شوێنەوارە کە بە "وادی غوسەیر" دەناسرێت، لە چەندین خانوو و حەوشەیەکی ناوەندی پێکهاتووە. ئەوەی زاناکانی سەرسام کردووە ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کشتوکاڵیان نەکردووە، بەڵکو لە ڕێگەی ڕاوکردن و ئاژەڵدارییەوە ژیاون و لە هەمان کاتدا بەشدار بوون لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ شوێنە زۆر دوورەکان.
لە ناو شوێنەوارەکەدا مرواری و قەپێڵکی دەریایی دۆزراونەتەوە کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور. هەروەها جۆرە بەردێکی شووشەیی (Obsidian) دۆزراوەتەوە کە تەنها لە گڕکانەکانی ئەنادۆڵ لە تورکیای ئێستا هەیە. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە ڕێگەی سەدان کیلۆمەتریان بڕیوە بۆ ئاڵوگۆڕی کەلوپەل.
دکتۆرە فاتیمە ئەلناسر، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، ڕوونی کردەوە کە شوێنی وادی غوسەیر وەک وێستگەیەک بووە بۆ ڕاوچییەکان و بازرگانە کۆچەرییەکان تا بەیەک بگەن. خانووە بەردینەکان نیشانی دەدەن کە مرۆڤەکان بۆ ماوەیەکی درێژ و بە شێوەی وەرزی لەوێ ماونەتەوە. هەروەها گۆڕی مردووەکانیش شێوازێکی تایبەتیان هەیە کە لەگەڵ ناوچەکانی باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی هاوشێوەن.
ئەم دۆزینەوەیە نیشانی دەدات کە مرۆڤی کۆن زۆر زیاتر لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد گەڕیدە بووە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری فراوانی هەبووە. لە ئێستادا حکومەتی ئوردن هەوڵ دەدات ئەم شوێنەوارە لە دەستی دز و تێکدەران بپارێزێت و بیکاتە شوێنێکی گەشتیاری زانستی بۆ ئەوەی جیهان ئاشنای مێژووی دێرینی ئەم ناوچەیە بێت.
سەرچاوە: گۆڤاری شوێنەوارناسی نێودەوڵەتی و زانکۆی ئوردن
PM:10:22:14/03/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه