دڵشاد مەریوانی؛ ئەو چوارچێوە چوار ڕەهەندییەی بە نەمریی مایەوە
وێستگە ستایل-
دڵشاد مەریوانی؛ ئەو چوارچێوە چوار ڕەهەندییەی بە نەمریی مایەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە ساڵیادی کۆچی دوایی یەکێک لە دیارترین سیماکانی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردی، یادی نووسەر، شاعیر، ئەکتەر و رۆژنامەنووس دڵشاد مەریوانی دەکرێتەوە کە لە ١٣ی ئازاری ١٩٨٩دا شەهیدکرا. ئەو مرۆڤە ژیاندۆستە لە ڕێگەی شیعرەکانییەوە جیهانێکی پڕ لە جوانی و بەرەنگاریی لە هزری خوێنەرانیدا نەخشاند و بووە سیمبولی خۆڕاگری و داهێنان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا.
دڵشاد مەریوانی کە ناوی تەواوی (دڵشاد محەمەد ئەمین فەتاحی مەریوانی)یە، لە ٢٨ی ئازاری ١٩٤٧ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. باوکی لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لە گوندی کاڵێی مەریوانەوە رووی لە پێنجوێن و پاشان شاری سلێمانی کردووە، هەر ئەم ڕەچەڵەکەش بووەتە هۆی ئەوەی نازناوی مەریوانی هەڵبگرێت و پێی بناسرێتەوە. دڵشاد خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو کردووە و دواتر ڕووی لە شاری بەغداد کردووە بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا، لەوێ لە ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی بەدەستهێناوە.
ئەم ئەدیبە هەڵکەوتووە لە چەندین بواری جیاوازدا قەڵەمێکی بوێر و کاریگەر بووە؛ لە رادیۆی کوردی بەغداد چەندین بەرنامەی ئەدەبی و رۆشنبیری سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردووە، هەروەها لە تەلەفزیۆنی کەرکوک وەک سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری بەشی کوردی خزمەتی کردووە.
لە ئاستی نووسینی ڕەخنەی ئەدەبیدا بە یەکێک لە سەرمەشقەکان دادەنرێت و دیدگایەکی وردی هەبووە بۆ کارەکانی گەورە نووسەرانی وەک ئیبراهیم ئەحمەد، د. مارف خەنەدار، هێمن، شێرکۆ بێکەس و حەمە ساڵح دیلان. لە بواری شانۆشدا وەک نووسەر و وەرگێڕ خاوەنی ١٧ شانۆنامەیە، کە دیارترینیان (نازدار و شوان، پەروانە، خۆرکە)ن.
دڵشاد مەریوانی تەنها ئەدیب نەبوو، بەڵکو تێکۆشەرێکی سیاسیی چالاک بوو. لە ساڵانی ١٩٥٩ بۆ ١٩٦٢ لە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیان کاری کردووە و ڕۆڵێکی گەورەی لە خەباتی ژێرزەمینیدا هەبووە، کە بەهۆیەوە چەندین جار ڕووبەڕووی زیندانی و ئازار بووەتەوە. ئەو دامەزرێنەری "کۆمەڵەی بوژاندنەوەی سامانی نەتەوایەتی کورد" بووە و بڕوای وابوو کە دەبێت ئەدەب و هونەر بکرێنە ئامرازێک بۆ بەرەنگاری. هەر لەم سۆنگەیەوە شیعری گەورە شاعیرانی جیهانی وەک پابلۆ نیرۆدا، مەحمود دەروێش و ماکۆڤسکی وەرگێڕاوە بۆ کوردی.
ژیانی دڵشاد مەریوانی تێکەڵەیەک بوو لە داهێنان و قوربانیدان، لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ شیرین کاف کە ئەویش نووسەر و شاعیرە هاوسەرگیری کرد و پێکەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ ژیانی پارتیزانانەیان لە شاخ بەسەر برد. بەرهەمە شیعرییەکانی وەک (فرمێسک و زەردەخەنە، سەمفۆنیای وەنەوشە، دڵدارانی شۆڕش) تا ئێستاش وەک مانیفێستێکی جوانی دەخوێنرێنەوە. ئەم کەڵە پیاوە لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا شەهید کرا، بەڵام شوێنەواری لە کولتووری کوردیدا بە نەمری مایەوە.
سەرچاوە: ئەرشیفی ناوەندی رۆشنبیری و هونەری.
PM:08:26:14/03/2026
ئهم بابهته 48
جار خوێنراوهتهوه