گەنجینەیەکی دەگمەنی زێڕ لە ڕووسیا دۆزرایەوە؛ ٤٠٩ لیرەی سەردەمی قەیسەر لەناو دیوارەکاندا
گەنجینەیەکی دەگمەنی زێڕ لە ڕووسیا دۆزرایەوە؛ ٤٠٩ لیرەی سەردەمی قەیسەر لەناو دیوارەکاندا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
شارەزایانی بواری شوێنەوار لە وڵاتی ڕووسیا، دۆزینەوەی یەکێک لە دەگمەنترین گەنجینە مێژووییەکانیان ڕاگەیاند، کە کۆمەڵەیەکی گەورە لە دراوی زێڕینی تێدایە و مێژووەکەی بۆ سەدەی ڕابردوو و سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا دەگەڕێتەوە
ئەم گەنجینەیە لە کاتی هەڵکەندن و نۆژەنکردنەوەی خانوویەکی کۆن و مێژووییدا لە شاری "تۆرژۆک" دۆزراوەتەوە، کە بە شێوەیەکی زۆر پارێزراو لەناو دیوار یان ژێرزەمینەکەیدا شاردرابووەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، گەنجینەکە لە ٤٠٩ دراوی زێڕین پێکدێت کە بە شێوەی "لیرە" (چێرفۆنێتس) دروستکراون، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین دۆزینەوەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا لە ڕووی مێژوویی و ئابوورییەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوە وردەکانی شوێنەوارناسان، ئەم گەنجینەیە لە سەروبەندی ساڵی ١٩١٧دا شاردراوەتەوە، واتە لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕووسیا (شۆڕشی تشرینی یەکەم). لەو سەردەمەدا بەهۆی نادیاریی دۆخی سیاسی و ترس لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە، زۆرێک لە خێزانە خانەدانەکان سامانەکانیان لە شوێنی نهێنی ناو ماڵەکانیاندا دەشاردەوە بەو ئومێدەی دواتر بیگەڕێننەوە.
تاوەکو ئێستا، هیچ کەسایەتییەک یان نەوەی خێزانە کۆنەکان وەک خاوەنی فەرمیی ئەم گەنجینەیە دیاری نەکراون، هەر بۆیە دوای دۆزینەوەی، شارەزاکان ڕاستەوخۆ پارچە زێڕەکانیان ڕادەستی لایەنە ئەمنییەکان کردووە. لە ئێستادا ئەم لیرانە گواستراونەتەوە بۆ مۆزەخانەی مرۆڤناسیی و مێژوویی تۆرژۆک و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەک بەشێک لە کلتووری نیشتمانی نمایش بکرێن.
ئەم دۆزینەوەیە جارێکی دیکە سەرنجی جیهانی خستەوە سەر ئەو نهێنییە مێژووییانەی کە هێشتا لە ژێر خاکی ڕووسیادا ماونەتەوە و گوزارشت لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ململانێی مێژووی ئەو وڵاتە دەکەن.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی تاس (TASS) و مۆزەخانەی
دەوڵەتیی ڕووسیا
PM:11:35:12/03/2026