کۆکراوە هونەرییەکانی ڕۆبەرت مونشن بە سەدان ملیۆن دۆلار لە نیویۆرک دەخرێنە زیادکردنێکی ئاشکراوە
کۆکراوە هونەرییەکانی ڕۆبەرت مونشن بە سەدان ملیۆن دۆلار لە نیویۆرک دەخرێنە زیادکردنێکی ئاشکراوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
خانەی "سۆسەبیز"ی ئەمریکی، کە یەکێکە لە ناودارترین خانەکانی زیادکردنی ئاشکرا لە جیهاندا، ئامادەکارییەکی بێ وێنە دەکات بۆ فرۆشتنی کۆکراوە هونەرییە زەبەلاحەکەی ڕۆبەرت مونشن، کە بە یەکێک لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین کۆکەرەوە هونەرییەکانی مێژوو دادەنرێت و کۆتایی ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد.
ئەم کۆکراوەیە کە چاوی هەموو بازرگانانی هونەر و مۆزەخانەکانی جیهانی لەسەرە، لە ٢٤ پارچە هونەریی دەگمەن و گەورە پێکهاتووە، کە هەر یەکێکیان مێژوویەکی تایبەت و بەهایەکی هونەریی باڵایان هەیە.
بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوودا، خانەی سۆسەبیز لە نیویۆرک دەرگای زیادکردنەکە بکاتەوە، چاودێرانی بازاڕی هونەر پێشبینی دەکەن تێکڕای پارچەکان سەدان ملیۆن دۆلار کۆبکەنەوە، چونکە ئەم تابلۆیانە بە دەگمەن لە بازاڕەکاندا دەبینرێن.
یەکێک لە گرانبەهاترین و سەرنجڕاکێشترین پارچەکانی ناو ئەم کۆکراوەیە، تابلۆی بەناوبانگی "Brown and Blacks"ی هونەرمەند ڕۆسکۆیە، کە پسپۆڕان بەهاکەی بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنن، ئەمەش دەبێتە یەکێک لە گرانترین فرۆشەکانی ئەمساڵ.
کۆکراوەکەی مونشن تەنها تابلۆکانی ڕۆسکۆ لەخۆ ناگرێت، بەڵکو شاهکارە هونەرییەکانی ژمارەیەک لە هونەرمەندە هەرە ناودارەکانی دیکەی جیهانی تێدایە، لەوانە: ویلیام دی کوونینگ، فرانز کڵاین و جێف کوونز، کە هەر یەکێکیان جەمسەرێکی گرنگی هونەری هاوچەرخن.
ڕۆبەرت مونشن ژیانی خۆی بۆ کۆکردنەوەی ئەم پارچانە تەرخان کردبوو، ئێستا فرۆشتنی ئەم کۆمەڵەیە وەک ڕووداوێکی مێژوویی لە دنیای هونەردا سەیر دەکرێت و پێشبینی دەکرێت چەندین ڕیکۆردی نوێی جیهانی لە نرخدا بشکێنێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی سۆسەبیز / ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز
PM:09:30:11/03/2026