هۆشداری دەدرێت لە مەترسی داڕمانی ئایا سۆفیا؛ مۆنیۆمێنتە مێژووییەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلەیە
هۆشداری دەدرێت لە مەترسی داڕمانی ئایا سۆفیا؛ مۆنیۆمێنتە مێژووییەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلەیە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئایا سۆفیا، کە یەکێکە لە گرنگترین و دیارترین مۆنیۆمێنتە ئایینی و مێژووییەکانی جیهان، لە ئێستادا لە دۆخێکی تەکنیکی نالەباردایە و شارەزایانی بواری تەلارسازی هۆشداری دەدەن لە ئەگەری داڕمان یان تێکچوونی بەشە سەرەکییەکانی ئەم شوێنەوارە جیهانییە ئەگەر بێت و بە زوویی چارەسەر نەکرێت.
ئەم شوێنەوارە مەزنە کە دەکەوێتە شاری ئیستانبوڵ لە تورکیا، ساڵانە ملیۆنان گەشتیار لە سەرتاسەری جیهانەوە سەردانی دەکەن، بەڵام بەهۆی کۆنی و فشاری زۆری گەشتیاران و هۆکارە سروشتییەکان، پێکهاتەی ئەندازیارییەکەی ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.
ئەم بینایە لە ساڵی ٥٣٧ی زایینیدا لەلایەن ئیمپراتۆری بێزەنتی، جەستینیانی یەکەم، وەک کڵێسایەکی گەورە بنیادنرا، لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، چەندین قۆناغی جیاوازی بڕیوە و وەک کڵێسا، مزگەوت، مۆزەخانە بەکارهێنراوە، و ماوەی چەند ساڵێکیشە دووبارە کراوەتەوە بە مزگەوت و شوێنێکی پیرۆزی ئایینی لە تورکیا.
شارەزایانی بواری تەلارسازی و ئەندازیاری جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست نەکرێت بە نۆژەنکردنەوەیەکی ڕیشەیی و بنەڕەتی بۆ دیوارەکان و قوبەکەی ئایا سۆفیا، ئەوا مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر مانەوەی دروستدەبێت و ئەگەری هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەشێکی یان تەواوی بیناکە دابڕمێت.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە حکومەتی تورکیا چەندین جار پلانی نۆژەنکردنەوەی ڕاگەیاندووە، بەڵام بەهۆی قەبارەی گەورەی بیناکە و هەستیاریی مێژووییەکەی، پڕۆسەکە کات و تێچوویەکی زۆری دەوێت و پێویستی بە تیمە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان هەیە.
ئایا سۆفیا تەنها بینایەک نییە، بەڵکو گوزارشتە لە مێژوویەکی درێژی پێکدادان و ئاوێزانبوونی شارستانییەتەکان، هەر بۆیە پاراستنی ئەرکێکی نێودەوڵەتییە و چاوی جیهانی لەسەرە.
سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا / میدیا جیهانییەکان
PM:09:28:11/03/2026