هانی موجتەهیدی و شڤان پەروەر لەسەر یەک شانۆ گۆرانی دەڵێن: "وەستان لە تەنیشتتەوە شانازییە"
هانی موجتەهیدی و شڤان پەروەر لەسەر یەک شانۆ گۆرانی دەڵێن: "وەستان لە تەنیشتتەوە شانازییە"
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
خانمە هونەرمەندی دیاری کورد، هانی موجتەهیدی، لە کارێکی هونەریی نوێ و پڕ لە هەستدا لەگەڵ ئەفسانەی مۆسیقای کوردی، شڤان پەروەر، دەردەکەوێت و وێنەیەکی هاوبەشی خۆی و ئەو هونەرمەندەی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ناو هەوادارانیاندا دروستکردووە.
هانی لە نووسینێکدا کە هاوپێچی وێنەکەی کردووە، دەربارەی ئەو ئەزموونە دەڵێت: "میوان بوون لە کۆنسێرتەکەتدا شانازییەکی گەورە بوو بۆ من"، ئەمەش پاش ئەوەی هەردوو هونەرمەند لە یەکێک لە شارەکانی ئەوروپا بەیەکەوە چوونە سەر شانۆ.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هونەرمەند شڤان پەروەر کۆنسێرتێکی گەورەی لە ئەوروپا ئەنجامدا، لە ساتێکی چاوەڕواننەکراو و پڕ لە جۆشدا، شڤان پەروەر بانگهێشتی هانی موجتەهیدی کرد تاوەکو بچێتە سەر شانۆ و بەیەکەوە گۆرانی بڵێن، هانیش بە خۆشحاڵییەوە داواکەی قبوڵ کرد و بەیەکەوە چەند پارچە گۆرانییەکی ڕەسەنیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
هانی لە پەیامێکی پڕ لە وەفادا بۆ شڤان پەروەر دەنووسێت: "دەنگت هەڵگری ڕۆح و مێژووی گەلەکەمانە، وەستان لە تەنیشتتەوە و لەسەر شانۆ شتێکی لەبیرنەکراو و کاریگەر بوو بۆ من." ئەمەش گوزارشت لە پێگەی بەرزی شڤان پەروەر دەکات لای هونەرمەندانی نەوەی نوێ.
شڤان پەروەر کە وەک یەکێک لە هێماکانی نەتەوەیی و هونەریی کورد دەناسرێت، بەم هەنگاوەی جارێکی دیکە پشتگیری خۆی بۆ دەنگە لێهاتووەکانی وەک هانی دووپات کردەوە، کە ئەم دووەیان بە ستایلە جیاوازەکەی لە مۆسیقای کوردیدا ناسراوە.
ئەم دوێتە کاتییە و دەرکەوتنە هاوبەشەی ئەم دوو هونەرمەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکرایەوە و هەوادارانی مۆسیقای کوردی وەک ساتێکی مێژوویی و جوان وەسفیان کرد.
سەرچاوە: پەڕەی فەرمی هانی موجتەهیدی لە ئینستاگرام
PM:09:27:11/03/2026