گۆڕانکارییەکی گەورە لە فۆرتنایت؛ مۆدێکی نوێ هاوشێوەی یاریی GTA بۆ گەیمەران زیاد دەکرێت
گۆڕانکارییەکی گەورە لە فۆرتنایت؛ مۆدێکی نوێ هاوشێوەی یاریی GTA بۆ گەیمەران زیاد دەکرێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بۆ هەوادارانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و بەتایبەت گەیمەرانی یاریی بەناوبانگی "Fortnite"، هەواڵێکی خۆش لە ڕێگەیە؛ بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا مۆدێکی نوێ و جیاواز بۆ ناو یارییەکە زیاد بکرێت کە تەواو هاوشێوەی زنجیرە یارییەکانی "GTA"یە و هەمان چێژ و ئەرک دەبەخشێتە یاریزانان.
ئەم مۆدە نوێیە کە بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئەزموونی یارییەکەدا دروست بکات، بە ناونیشانی "Grand Heist City" دەبێت و تێیدا یاریزانان دەتوانن ئەرک و چالاکییەکان بە هەمان شێوازی جیهانی کراوەی GTA ئەنجام بدەن، کە ئەمەش هەنگاوێکی نوێی کۆمپانیای ئێپیک گەیمزە بۆ ڕاکێشانی گەیمەرانی زیاتر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆڤاری "ڤێرایەتی"، مۆدی Grand Heist City تەنیا گۆڕینی دیمەن نییە، بەڵکو ئەرکەکان و شێوازی ڕاوەدوونان و دزی و چالاکییە تاوانکارییەکانی نێو شارەکە بە شێوەیەک داڕێژراون کە بیرەوەرییەکانی زنجیرە یارییەکانی "Grand Theft Auto" بۆ گەیمەران دەژێنێتەوە.
ئەم هەنگاوەی فۆرتنایت لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە جیهانی گەیمینگ بەوپەڕی پەرۆشییەوە چاوەڕێی کۆتایی ئەمساڵ دەکەن، کە تێیدا بڕیارە کۆمپانیای ڕۆکستار بەشی شەشەمی یاریی GTA بۆ کۆنسڵەکانی پلەیستەیشن ٥ و ئێکس بۆکس بڵاوبکاتەوە.
فۆرتنایت لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵیداوە لە ڕێگەی مۆدە جیاوازەکان و هاوکاری لەگەڵ براند و یارییەکانی دیکە، خۆی لە لوتکەدا بهێڵێتەوە، ئەم مۆدەی "Grand Heist City"ش بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئەمساڵی یارییەکە دادەنرێت.
پێشبینی دەکرێت لەگەڵ کاراکردنی ئەم مۆدەدا، ژمارەی یاریزانانی فۆرتنایت بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، بەتایبەت ئەو گەیمەرانەی کە خولیای یارییە جەنجاڵەکان و جیهانی کراوەن.
سەرچاوە: گۆڤاری ڤێرایەتی
PM:09:26:11/03/2026