ڕۆزانا ئاکێت: کوینتن تارانتینۆ کەسێکی ڕەگەزپەرستە و هەمیشە زمانی زبر بەرامبەر پێکهاتەکان بەکاردەهێنێت
وێستگە ستایل-
ڕۆزانا ئاکێت: کوینتن تارانتینۆ کەسێکی ڕەگەزپەرستە و هەمیشە زمانی زبر بەرامبەر پێکهاتەکان بەکاردەهێنێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ڕۆزانا ئاکێت، خانمە ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی و یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی فیلمی کلاسیکی "Pulp Fiction"، لە لێدوانێکی نوێ و تونددا هێرش دەکاتە سەر دەرهێنەری ناودار کوینتن تارانتینۆ و بە ڕەگەزپەرست ناوی دەبات. ئاکێت ئاماژە بەوە دەکات کە تارانتینۆ لە کارەکانیدا سنووری ڕەوشتی بەزاندووە و بەردەوام سووکایەتی بە پێکهاتە جیاوازەکان دەکات.
ئەم خانمە ئەکتەرە لە میانی دیمانەیەکی نوێیدا لەگەڵ یەکێک لە ڕۆژنامە ناودارەکانی بەریتانیا، پەردەی لەسەر چەند لایەنێکی شاراوەی کارکردنی ئەو دەرهێنەرە لادا و ڕایگەیاند کە شێوازی دەربڕین و بەکارهێنانی وشە نەشیاوەکانی تارانتینۆ جێگەی قبوڵکردن نین.
بە بڕوای ئاکێت، تەنیا تارانتینۆ لۆمە ناکرێت، بەڵکو تێکڕای هونەرمەندان، دەرهێنەران و ناوەندە هونەرییەکانی هۆلیوود بەرپرسیارن لەوەی کە ڕێیان بۆ خۆش کردووە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو بەرامبەر بە ڕەشپێستەکان و پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگرییەکی لێ بکرێت یان لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
ڕۆزانا ئاکێت کە پێشتر لە ساڵی ١٩٩٤ لە فیلمی "Pulp Fiction" لەژێر دەستی تارانتینۆ کاریکردووە، دەڵێت ئەم ڕەفتارانە نوێ نین و ساڵانێکی درێژە ئەم دەرهێنەرە بەو شێوازە کار دەکات، بەڵام بێدەنگی ناوەندە هونەرییەکان وایکردووە ئەو ڕەفتارانە وەک "ستایلێکی هونەری" سەیر بکرێن نەک ڕەگەزپەرستی.
ئەم لێدوانانەی ئاکێت لە کاتێکدایە کە کوینتن تارانتینۆ هەمیشە بەهۆی بەکارهێنانی وشەی "N-word" و زمانێکی زبر لە فیلمەکانیدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ئەکتەرێکی نێو فیلمەکانی بەم شێوەیە ڕاستەوخۆ و توند تۆمەتباری بکات.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم لێدوانانە کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە هونەرییەکاندا هەبێت و جارێکی دیکە پرسی ڕەگەزپەرستی لە سینەمای جیهانیدا بوروژێنێتەوە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی / ڤێرایەتی
PM:09:26:11/03/2026
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه