سێرگی پرۆکۆفیەڤ؛ ئەو بلیمەتەی موزیکی ڕووسی کە لە ژێر سێبەری مەرگی ستالیندا بە بێدەنگی ماڵئاوایی کرد
وێستگە ستایل-
سێرگی پرۆکۆفیەڤ؛ ئەو بلیمەتەی موزیکی ڕووسی کە لە ژێر سێبەری مەرگی ستالیندا بە بێدەنگی ماڵئاوایی کرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
مێژووی موزیکی کلاسیک و مۆدێرن لە ڕووسیا بەبێ ناوی سێرگی پرۆکۆفیەڤ ناتەواو دەبێت، ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کە توانی لە چەندین شێوازی جیاوازی موزیکیدا دەستێکی باڵای هەبێت و ببێتە یەکێک لە پایە هەرە بەرزەکانی داهێنان لە سەدەی بیستەمدا. ئەمڕۆ ٥ی ئازار، یادی کۆچی دوایی ئەم موزیکدانەرە مەزنەیە کە ژیانی لە نێوان هەژارییەکی پڕ لە ئومێدی منداڵی و ناوبانگێکی جیهانیی پڕ لە ململانێدا بەسەر برد و شوێنپەنجەیەکی دانەبڕاوی لە مێژووی هونەردا جێهێشت.
پرۆکۆفیەڤ لە ٢٣ی نیسانی ١٨٩١ لە ئۆکرانیا و لە خێزانێکی جوتیاردا لەدایکبووە، بەڵام ژینگەی ماڵەکەیان پڕ بوو لە هاندانی هونەری. دایکی کە پیانۆژەنێکی لێهاتوو بوو، یەکەم مامۆستای بوو و توانی لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا، واتە لە پێنج ساڵیدا، یەکەم پارچە موزیکی بۆ پیانۆ بنووسێت، ئەمەش سەرەتای دەرکەوتنی نابغەیەک بوو کە دواتر جیهانی هەژاند و تەنانەت لە تەمەنی نۆ ساڵیدا یەکەمین ئۆپێرای خۆی دانا.
گەشەسەندنی هونەریی ئەو لە زانکۆی سان پیتەرسبۆرگ لە نێوان ساڵانی ١٩٠٤ بۆ ١٩١٤ گەیشتە لووتکە، کاتێک لەژێر دەستی گەورە مامۆستاکانی وەک گلازنوڤۆدا فێری بنەماکانی داڕشتن بوو. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا یەکەم نمایشی گشتی ئەنجامدا و ژیانی ئەو پڕ بوو لە گەشت و ئەزموونی جیاواز؛ لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا ڕووی لە ئەوروپا کرد و دواتر لە ژاپۆن و ئەمریکا کۆنسێرتی گەورەی ئەنجامدا، بەڵام دواجار گەڕایەوە بۆ نیشتمانەکەی و بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە کلتوورییەکانی یەکێتی سۆڤیەت.
بەرهەمە نەممرەکانی وەک "رۆمیۆ و جولیەت"، "سیمفۆنیای پێنجەم"، "کۆنچێرتۆی پیانۆی ژمارە ٣" و "سیندرێلا" تەنها بەشێکی کەمن لەو ٢٠٠ پارچە موزیکییەی کە لە ماوەی ژیانیدا دای ناون. ژیانی تایبەتیشی بەستراوەی هونەرەکەی بوو، کاتێک لەگەڵ کارۆلینا کۆدینای خانمە گۆرانیبێژی ئیسپانی هاوسەرگیری کرد و دوو کوڕیان بوو، ئەو هەمیشە هەوڵیدەدا ڕەسانایەتی ڕووسی لەگەڵ نوێگەرییە ئەوروپییەکاندا ئاوێتە بکات.
مەرگی پرۆکۆفیەڤ لە ٥ی ئازاری ١٩٥٣ لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا، یەکێکە لە غەریبترین و غەمگینترین ڕووداوەکانی مێژوو، چونکە ڕێک لە هەمان ڕۆژی ڕاگەیاندنی مەرگی جۆزێف ستالیندا بوو. بەهۆی قەرەباڵغی جادەکان و ماتەمینی گشتی بۆ ستالین، تەرمەکەی پرۆکۆفیەڤ سێ ڕۆژ لە ماڵەکەی خۆیدا مایەوە و دواتر بە بێدەنگی و بەبێ ئامادەبوونی جەماوەرێکی شایستە بەخاکسپێردرا، بەڵام ئەمڕۆ جیهان بە ڕێزەوە لەبەردەم ناو و هونەرەکەیدا دەوەستێت.
ئاژانسە هەواڵییەکان / مێژووی موزیک
PM:08:26:05/03/2026
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه