دۆزینەوەی کۆمەڵە تابووتێکی دەگمەنی "گۆرانیبێژانی ئامون" لە ناوچەی ئەقسەر لە میسر
وێستگە ستایل-
دۆزینەوەی کۆمەڵە تابووتێکی دەگمەنی "گۆرانیبێژانی ئامون" لە ناوچەی ئەقسەر لە میسر
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی تیمە شوێنەوارناسییەکان لە وڵاتی میسر، دۆزینەوەیەکی مێژوویی نوێ لە ناوچەی ئەقسەر ئاشکرا کرا، کە سەرنجی ناوەندە زانستی و شوێنەوارییەکانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم دۆزینەوەیە کە کۆمەڵە تابووتێکی دەگمەنی گۆرانیبێژانی پەرستگای ئامون لەخۆدەگرێت، وەک یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەمساڵ لە بواری مێژووی فیرعەونەکاندا هەژمار دەکرێت و پەردە لەسەر بەشێکی تری ژیانی ئاینی و هونەری ئەو سەردەمە لادەبات.
ئەم دەستکەوتە زانستییە گەورەیە لە ئەنجامی گەڕان و کنەوپشکنینێکی هاوبەش و وردی نێوان شارەزایانی ئەنجوومەنی باڵای کەلەپووری میسڕ و دامەزراوەی کەلەپووریی زاهی حەواس بەدەستهاتووە. تیمی پسپۆڕان دوای ماوەیەکی درێژ لە کارکردن لە یەکێک لە ناوچە شوێنەوارییە دەوڵەمەندەکانی شاری ئەقسەر، توانیان بگەنە ئەم گەنجینە مێژووییە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمێکی دێرینی شارستانییەتی میسری کۆن دەگەڕێتەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دۆزینەوەکە لە ١٢ تابووتی تەختەیی پێکهاتووە کە بە "دەرزەنێک تابووتی گۆرانیبێژانی ئامون" ناوزەد کراون. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی شوێنەوارناسانە، ئەوەیە کە مۆمیاکانی ناو ئەم تابووتانە بە شێوەیەکی زۆر باش و بێوێنە پارێزراون و هیچ نیشانەیەکی تێکچوون یان شیبوونەوەیان پێوە دیار نییە. جگە لە تابووتەکان، کۆمەڵێک پارچەی دێرینی تریش دۆزراونەتەوە کە بریتین لە چەندین نووسراوی سەر پاپیرۆس کە لەناو گۆزەی تایبەتدا پارێزراون، ئەمەش بەڵگەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لەو سرووتە ئاینییانەی لەو سەردەمەدا ئەنجامدراون.
شوێنەوارناسان و شارەزایانی مێژوو بەم دۆزینەوەیە زۆر دڵخۆشن و بە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوەکانی سەرەتای ئەم ساڵ وەسفی دەکەن. هۆکاری ئەم گرنگییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تێکڕای ئەو پارچە و پاشماوانەی دۆزراونەتەوە، وەک خۆیان ماونەتەوە و کەمترین زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش وادەکات لێکۆڵینەوە و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و تاقیگەیی لەسەریان زۆر ئاسانتر و وردتر بێت لە چاو دۆزینەوەکانی پێشووتردا.
گۆرانیبێژانی ئامون لە میسری کۆندا پێگەیەکی باڵا و تایبەتیان لە ناو پەرستگاکاندا هەبووە و ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا بینیوە، بۆیە دۆزینەوەی گۆڕ و تابووتەکانیان بەم شێوەیە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە پلەبەندی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی ئەو سەردەمە. لە ئێستادا تیمە پسپۆڕەکان خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایین بۆ ئەوەی ئەم پارچە دەگمەنانە بگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەکان و لەژێر چاودێرییەکی وردی زانستیدا بپارێزرێن.
سەرچاوە: ئەنجوومەنی باڵای کەلەپووری میسڕ (The Supreme Council of Antiquities)
PM:07:47:05/03/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه