گەشتێکی مێژوویی بۆ قووڵایی زەریای هیندستان؛ دۆزینەوەی "تەمی" زیندوو و مەرجانی دەگمەن لەناو ئاودا
وێستگە ستایل-
گەشتێکی مێژوویی بۆ قووڵایی زەریای هیندستان؛ دۆزینەوەی "تەمی" زیندوو و مەرجانی دەگمەن لەناو ئاودا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
گەشتێکی زانستی سێ هەفتەیی بۆ قووڵاییە نەبیندراو و دوورەدەستەکانی زەریای هیندستان، پەردەی لەسەر جیهانێکی شاراوە لادا کە تێیدا جۆرەها ماسی و قرشی دەگمەن بۆ یەکەمجار بە زیندوویی لە ژینگەی سروشتی خۆیاندا بینران و وێنەگیران. ئەم گەشتە کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەنجامدرا، زانیاریی نوێی دەربارەی ژینگەیەک پێشکەش کرد کە پێشتر مرۆڤ تەنها وەک ناوچەیەکی بێدەنگ و بێبایەخ سەیری دەکرد، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە پڕە لە ژیانی سەرسوڕهێنەر.
کەشتی توێژینەوەی (R/V Dr. Fridtjof Nansen) لە شوباتی ٢٠٢٦دا ئەم گەشتە مێژووییەی بە بەشداری ٢٠ زانا لە ١١ وڵاتی جیاوازەوە ئەنجامدا. ئامانجی سەرەکی گەشتەکە نەخشەسازی و تێگەیشتن بوو لەو ناوچانەی دەریا کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وڵاتانن، ئەمەش ڕێک لەو کاتەدا دێت کە ڕێککەوتنامەی جیهانی بۆ پاراستنی جۆراوجۆری بایۆلۆژی لە "دەریا بەرزەکاندا" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم گەشتە، تۆمارکردنی یەکەمین ڤیدیۆی زیندووی ماسی (Dark Mouth Chimaera) بوو، کە زیندەوەرێکی "تەمومژاوی" و دەگمەنە و پێشتر تەنها لە ڕێگەی دوو نموونەی مردووەوە ناسرابوو. هەروەها تیمەکە توانییان وێنەی قرشی "گولپەر" و جۆرەها قرشی تر بگرن کە لە لیستی جۆرە مەترسیدارەکاندان. جگە لە زیندەوەرەکان، تیمەکە توانییان چیایەکی گڕکانی ژێر دەریا بدۆزنەوە کە لە قووڵایی ٣٠ مەتردا ڕیفی مەرجانی و جۆرەها ژیانی دەگمەنی لەسەرە، ئەمەش وەک "واحەیەکی سەوز" لە ناوەڕاستی زەریادا وەسف کرا.
ئەم توێژینەوەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Common Oceans Deep-Sea Fisheries) بوو، کە ئامانجی کۆکردنەوەی بەڵگەی زانستییە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی ڕاوەماسی نایاسایی و گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە. زانایان تەکنەلۆژیای (eDNA)یان بەکارهێنا، کە تێیدا تەنها لە ڕێگەی نموونەی ئاوەوە دەتوانن بزانن چ جۆرە زیندەوەرێک لەو ناوچەیەدا ژیاوە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات ماسییەکان ڕاو بکەن.
ئەو داتایانەی لەم گەشتەدا کۆکراونەتەوە، دەبنە بنەمایەک بۆ بڕیارە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵانی داهاتوودا. وەکو "مارکۆ میلاردی" ئەفسەری زانستی لە (SIOFA) دەڵێت: "ئەمە تەنها گەشتێکی توێژینەوە نەبوو، بەڵکو وەبەرهێنانێکی ژیانی بوو بۆ ئەوەی بڕیاری ژیرانە بدەین لەسەر چۆنیەتی پاراستنی ئەو ژینگە ناسکانەی کە زۆر لە مرۆڤەوە دوورن بەڵام کاریگەرییان لەسەر هەموو زەوی هەیە."
سەرچاوە: ڕێکخراوی فاو (FAO)
PM:07:43:01/03/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه