‌تایپێ میوانداری گەورەترین پاڵەوانێتی سەمای وەرزشی ئاسیا دەکات؛ بەشدارییەکی پێوانەیی و ئامادەکارییەکی ژینگەدۆست

وێستگە ستایل-

تایپێ میوانداری گەورەترین پاڵەوانێتی سەمای وەرزشی ئاسیا دەکات؛ بەشدارییەکی پێوانەیی و ئامادەکارییەکی ژینگەدۆست


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


شاری تایپێ لە تایوان، خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتی کراوەی ئاسیا بۆ سەمای وەرزشی (Asian Open DanceSport Championships) بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کە بڕیارە لە ٢٨ی شوبات لە هۆڵی گەورەی "تایپێ ئەرینا" بەڕێوەبچێت، ئەم خولەی پاڵەوانێتییەکە بە گەورەترین و بەرزترین ئاست لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت.


زیاتر لە ١٠٠٠ سەماکار لەم بۆنە گەورەیەدا بەشدار دەبن، کە ٣٠٠ کەسیان یاریزانی ئاستی یەکەمی جیهانین و لە ٣٣ وڵاتی جیاوازەوە هاتوون، هەروەها ٧٠٠ سەماکاری ناوخۆیی تایوان ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان، ئەمەش تایپێ دەخاتە ناوەندی سەرنجی هەموو هۆگرانی هونەر و وەرزش لە کیشوەری ئاسیادا.


ئامادەبوونی پاڵەوانانی جیهان لە سینگاپوور و ئیتاڵیاوە، ڕەنگ و بۆیەکی جیهانی بە فێستیڤاڵەکە بەخشیوە، کێبڕکێکان لە دوو جۆری سەرەکی "بالروم" و "لاتین" دەبن، کە تێیدا یاریزانەکان بەپێی ئاستەکانیان لە قۆناغی ئاماتۆر (سەرەتا) تاوەکو پرۆفیشناڵ ڕکابەری دەکەن، یەکێک لە خالە سەرنجڕاکێشەکان بوونی تیپێکی مۆسیقای زیندووە کە لە ١٠ مۆسیقاژەن پێکهاتوون و ئاوازی نمایشەکان دەژەنن.


ئەوەی ئەم پاڵەوانێتییەی لە چالاکییەکانی تر جیا کردووەتەوە، پابەندبوونی ڕێکخەرانە بە پاراستنی ژینگە، بە جۆرێک کە هەموو دیکۆرەکان، تابلۆکانی ناو هۆڵەکە و ڕیکلامەکان لە کاغەزی ڕیسایکڵکراوی (corrugated paper) دروستکراون، ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی مرۆیی و ژینگەیی لە ناو جیهانی وەرزشدا پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە.


ئەم بۆنەیە تەنها پێشبڕکێیەکی وەرزشی نییە، بەڵکو دەرفەتێکی گەورەیە بۆ تایوان تا کولتوور و توانای ڕێکخستنی خۆی نیشانی جیهان بدات، کۆتایی فێستیڤاڵەکە بە نمایشێکی ناوازەی ١٠ جووت لە باشترین سەماکارانی جیهان کۆتایی دێت کە وەک دیارییەک بۆ جەماوەر پێشکەش دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە جوانترین شەوەکانی شاری تایپێ.


فیدراسیۆنی جیهانی سەمای وەرزشی (WDSF) و ڕاگەیاندنی وەرزشی تایوان


PM:08:08:25/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل