زیرەکی دەستکرد دەبێتە ئەندامی تیپی مۆسیقای جاز؛ داهێنانی سیستەمی "Syncopate" بۆ هاوکاری ڕاستەوخۆ
وێستگە ستایل-
زیرەکی دەستکرد دەبێتە ئەندامی تیپی مۆسیقای جاز؛ داهێنانی سیستەمی "Syncopate" بۆ هاوکاری ڕاستەوخۆ
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
توێژەرانی کۆلێژی مۆسیقای بێرکلی و تاقیگەی میدیای زانکۆی MIT، سیستەمێکی نوێی زیرەکی دەستکردیان بە ناوی (Syncopate) داهێناوە کە دەتوانێت لە کاتی ڕاستەوخۆدا (Real-time) وەک مۆسیقاژەنێکی کارامە لەگەڵ گروپە مۆسیقییەکاندا بەشداری بکات، ئەمە یەکەمجارە AI بتوانێت بەو خێرایی و وردییە لەگەڵ مرۆڤدا ئیمپرۆڤایز یان "بداهێنێت".
ئەم مۆدێلە بە جۆرێک ڕاهێنراوە کە تەنها گوێ لە مۆسیقاکە ناگرێت، بەڵکو لە چەند میلی چرکەیەکدا شیکردنەوە بۆ ئاواز، هەست و ڕیتمی مۆسیقاژەنەکە دەکات و وەڵامێکی گونجاو دەداتەوە، مۆسیقاژەنە پرۆفیشناڵەکان کە تاقیان کردووەتەوە دەڵێن هەستیان نەکردووە لەگەڵ مەشینێکدا دەژەنن، بەڵکو وەکو ئەوە وابووە ئەندامێکی نوێ و لێهاتوو هاتبێتە ناو تیپەکەیانەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە جێگرتنەوەی مرۆڤ نییە، بەڵکو دروستکردنی هاوبەشێکی داهێنەرە بۆ مۆسیقاژەنەکان تا بتوانن ٢٤ کاتژمێر ڕاهێنان بکەن یان بیرۆکەی نوێ بدۆزنەوە، سیستەمەکە فێری یاسا ئاڵۆزەکانی مۆسیقای جاز بووە و دەتوانێت بە شێوەیەک وەڵام بداتەوە کە مرۆڤەکە تووشی سەرسوڕمان بکات و هانی بدات زیاتر داهێنان بکات.
ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە شۆڕشێک لە بوارەکانی پەروەردەی مۆسیقا و کۆنسێرتە ڕاستەوخۆکاندا، چونکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ مۆسیقاژەنە سەربەخۆکان دەکات تا بتوانن بە تەنیا نمایش بکەن بەڵام بە هەستی تیپێکی تەواوەوە، (Syncopate) نیشانی دەدات کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت زمانە هەرە ئاڵۆزەکانی هەستی مرۆڤ، کە مۆسیقایە، بە باشی تێبگات.
داهێنەرانی ئەم سیستەمە دەڵێن ئەمە تەنها سەرەتایەکە و لە داهاتوودا زیرەکی دەستکرد دەتوانێت لە هەموو بوارە هونەرییەکاندا ببێتە هاوبەشی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و سنوورەکانی داهێنان فراوانتر بکات.
گۆڤاری Berklee News و MIT Media Lab Reports
PM:08:05:25/02/2026
ئهم بابهته 56
جار خوێنراوهتهوه