‌شۆڕش لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی مانگا؛ تێڕوانینە کۆنەکان گۆڕانیان بەسەردا هات

وێستگە ستایل-

شۆڕش لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی مانگا؛ تێڕوانینە کۆنەکان گۆڕانیان بەسەردا هات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژینەوەیەکی نوێی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا (USDA) کە لە گۆڤاری "Applied Animal Science" بڵاوکراوەتەوە، تێگەیشتنی چەندین ساڵەی زانایان و بەخێوکەرانی مانگای گۆشتی گۆڕی سەبارەت بە برینی جگەر (Liver Abscesses). ئەم نەخۆشییە ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە پیشەسازی گۆشت دەگەیەنێت و ئێستا دەرکەوتووە کە هۆکارەکەی تەنها جۆری خۆراک نییە.


بۆ چەندین دەیە، وا دەزانرا کە پێدانی دانەوێڵەی زۆر بە مانگا دەبێتە هۆی ترشبوونی ناو سک (Acidosis)، ئەمەش زیان بە پەردەی گەدە دەگەیەنێت و ڕێگە بە بەکتریا دەدات بچێتە ناو خوێن و پاشان بگاتە جگەر. بەڵام زانایان لە تاقیکردنەوەیەکی نوێدا سەلماندیان کە هەندێک جۆری بەکتریا دەبنە هۆی دروستبوونی برینی جگەر، تەنانەت ئەگەر مانگاکە خۆراکی زۆر تەندروستیش بخوات و تووشی ترشبوونی گەدە نەبێت.


ئەم دۆزینەوەیە ڕێگەی نوێ بۆ خۆپاراستن دەکاتەوە؛ لەبری ئەوەی تەنها گرنگی بە گۆڕینی سیستمی خۆراکی بدرێت، ئێستا زانایان پێشنیار دەکەن کە گرنگی بە کۆنترۆڵکردنی بەکتریای ناو گەدەی مانگا بدرێت لە ڕێگەی "پرۆبایۆتیک" یان دەرمانی تایبەتەوە. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت کە مانگاکان کێشیان کەم نەکات و پێویستیان بە بەکارهێنانی دژەبایۆتیکی زۆر نەبێت.


هەروەها لە توێژینەوەکەدا ئامێری سۆنەر (Ultrasonography) تاقیکراوەتەوە بۆ دۆزینەوەی پێشوەختەی ئەم نەخۆشییە. دەرکەوتووە کە دەتوانرێت پێش ئەوەی مانگاکە سەرببڕدرێت، بزانرێت کە کێشەی جگەری هەیە یان نا، ئەمەش یارمەتی خاوەن کێڵگەکان دەدات کە بڕیاری دروستتر بدەن لەسەر بەڕێوەبردنی ئاژەڵەکانیان.


گرنگی ئەم بابەتە لەوەدایە کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئاسایشی خۆراک و پاراستنی مافی ئاژەڵان. برینی جگەر دەبێتە هۆی ئازار بۆ مانگاکە و کەمکردنەوەی جۆری ئەو گۆشتەی دەگاتە دەستی بەکاربەر. بەم توێژینەوە نوێیە، پیشەسازی بەرهەمهێنانی گۆشت دەتوانێت بە شێوەیەکی زانستیتر و مرۆییتر ڕووبەڕووی ئەم کێشە گەورەیە ببێتەوە.


گۆڤاری Applied Animal Science و وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا (USDA)


PM:08:53:23/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل