ڤیشال بھاردواج بەرگری لە توندوتیژی ناو فیلمەکان دەکات و دەڵێت: توندوتیژی لە ناو "دی ئێن ئەی"ی ئێمەدایە
ڤیشال بھاردواج بەرگری لە توندوتیژی ناو فیلمەکان دەکات و دەڵێت: توندوتیژی لە ناو "دی ئێن ئەی"ی ئێمەدایە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
دەرهێنەری ناوداری هیندی، ڤیشال بھاردواج، هاتە ناو مشتومڕی توندوتیژی لە سینەمادا و ڕایگەیاند کە توندوتیژی سەر شاشە ڕەنگدانەوەی ڕاستی کۆمەڵگەیە و ڕەگی لە ناو ئەفسانە کۆنەکانی هیندستاندا هەیە.
لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە فیلمە نوێیەکەی "O'Romeo" کە شاهید کاپوور و تریپتی دیمری ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، بھاردواج ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت لە توندوتیژی بترسین ئەگەر بە شێوازێکی هونەری و جوانکاری پێشکەش بکرێت.
ئەم دەرهێنەرە دەڵێت ئێمە نەتەوەیەکین کە لە چیرۆکی "ماحابهاراتا"وە هاتووین، کە تێیدا ئاستی توندوتیژی زۆر لەوە زیاترە کە لە فیلمەکاندا دەبینرێت، بۆیە توندوتیژی بەشێکە لە مێژوو و ناسنامەی ئێمە. ئەو جەختی کردەوە کە دەرهێنەرانی وەک کوینتن تارانتینۆ و وۆنگ کار وای، توندوتیژییان گۆڕیوە بۆ "توندوتیژییەکی شاعیرانە".
بە بڕوای بھاردواج، ئەگەر فیلمێک باسی ژیانی چەتەکان بکات، ناتوانرێت توندوتیژی تێدا نەبێت، چونکە ئەوە بەشێکە لە ڕاستی ژیانی ئەوان. بەڵام داوا دەکات دەرهێنەران توندوتیژی بەکارنەهێنن تەنها بۆ ڕاکێشانی سەرنج، بەڵکو دەبێت وەک ئامرازێکی گێڕانەوەی چیرۆک بەکاری بهێنن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ڕەخنەیەکی زۆر لە فیلمەکانی وەک "Animal" و "Dhurandhar" دەگیرێت بەهۆی زۆری دیمەنە خوێناوییەکان، بەڵام بھاردواج پێیوایە سینەما دەبێت ئاوێنەی کۆمەڵگە بێت و ناتوانێت چاو لە ئاست توندوتیژییە ڕاستەقینەکان دابخات.
سەرچاوە: ئەی ئێن ئای / تایمز ئۆف ئیندیا
PM:02:01:23/02/2026