قەڵایەکی مێژوویی سکۆتلەندی دەکرێتە ناوەندێکی گەورەی هونەری ئەنیمەیشن
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە هەنگاوێکی دەگمەندا کە تێیدا کەلەپوور و کولتووری دیجیتاڵی تێکەڵ دەبن، قەڵایەکی مێژوویی لە سکۆتلەندا بڕیارە بگۆڕدرێت بۆ یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی ئەوروپا بۆ هونەری ئەنیمەیشن. کۆمپانیای (MD Local Global Limited) هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ ستۆدیۆی (H5)ی پاریسی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی "گەلەری هونەری ئەنیمەیشنی قەڵای فێرنی".
ئەم پڕۆژەیە ئامانجی ئەوەیە قەڵایەکی تەمەن چەند سەدەیی بکاتە سەکۆیەک بۆ ناساندنی ئەنیمەیشن وەک هونەرێکی جددی و پێشکەوتوو. ستۆدیۆی (H5) بەرپرس دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی گەلەرییەکە و داڕشتنی دیدگای هونەری و دیزاینکردنی یەکەم پێشانگا و کۆمەڵە هونەرییە هەمیشەییەکان لەناو قەڵاکەدا.
گەلەرییەکە تەنها شوێنێک نابێت بۆ نمایشکردن، بەڵکو دەبێتە ژینگەیەکی کولتووری کە تێیدا سنوورەکانی نێوان ئەنیمەیشن، هونەرە جوانەکان و پڕۆگرامە جیاوازەکان تێکەڵ دەبن. پڕۆژەکە نمایشکردنی فیلم، خولی پەروەردەیی و شوێنی مانەوە بۆ هونەرمەندان لەخۆدەگرێت. ئەمە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی پێشووی هەردوو کۆمپانیاکەیە کە پێشتر فیلمێکی کورتی ئەنیمەیشنیان پێکەوە بەرهەمهێنابوو.
بە دامەزراندنی ئەم ناوەندە، لایەنەکان هیوادارن شوێنێکی گەشتیاری و کولتووری دەگمەن لە ئەوروپا دروست بکەن کە ئاستی تێگەیشتن بۆ ئەنیمەیشن بەرز بکاتەوە، بە شێوەیەک کە تەنها وەک ئامرازێکی کات بەسەربردن نەبینرێت، بەڵکو وەک زمانێکی گرنگی دەربڕینی هونەری سەردەم بناسرێت.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی سکۆتلەندا، گۆڤاری Animation World Network.
PM:09:25:22/02/2026