دواین ئاگاداری بۆ سینەماکاران؛ فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کوردی لە سلێمانی وادەی کۆتایی وەرگرتنی بەرهەمەکانی ڕاگەیاند
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، ئامادەکارییەکانی بۆ خولی نوێی فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کوردی چڕکردووەتەوە و لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا هۆشداری دەداتە سەرجەم دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانی فیلم کە تەنها ماوەیەکی کەم لەبەردەستیاندایە بۆ ناردنی کارەکانیان، بە پێچەوانەوە مافی بەشداریکردنیان نابێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە، ڕێکەوتی یەکی ئازاری 2026 وەک دواین مۆڵەت بۆ وەرگرتنی بەرهەمە سینەماییەکان دەستنیشانکراوە. ئەم وادەیە بە "دواین دەرفەت" ناوبراوە و جەختکراوەتەوە کە پاش ئەم ڕێکەوتە، هیچ بەرهەمێک لە لایەن لیژنەی وەرگرتنەوە وەرناگیرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕێکخستنی کارەکان و پێدانی کاتی تەواو بە لیژنەی هەڵسەنگاندن بۆ بینینی فیلمەکان پێش دەستپێکردنی مەراسیمەکە.
بڕیارە چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 2026 لە شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. فێستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان کارەکانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی جیهانەوە وەردەگرێت، بەو مەرجەی ناوەڕۆکی فیلمەکان گوزارشت لە چیرۆک و ناسنامەی کوردی بکەن. لایەنی هونەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پێوەرەکان توند دەبن و تەنها ئەو فیلمانە وەردەگیرێن کە لە ڕووی کوالێتی و گێڕانەوەی سینەماییەوە ئاستێکی بەرزیان هەبێت.
لە پەراوێزی ئەم فێستیڤاڵەدا، ئامادەکارییەکی گەورە کراوە بۆ میوانداری کردنی کەسایەتییە دیارەکانی بواری سینەما لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. ئامانجی سەرەکی لەم بانگهێشتکردنە، دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لە نێوان سینەماکارانی کورد و جیهان، تاوەکو لە ڕێگەی سازکردنی ماستەرکڵاس، پانێڵی زانستی و کۆبوونەوەی تایبەت، ئامادەبووان و گەنجانی بەهرەمەند بتوانن سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی میوانەکان وەربگرن و ئاستی سینەمای کوردی بەرەو قۆناغێکی نوێ ببەن.
ئەم فێستیڤاڵە کە لەلایەن بەشی هونەری سینەمای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی سەرپەرشتی دەکرێت، وەک یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە هونەرییەکانی ساڵ سەیر دەکرێت. ڕێکخەران هیوادارن لە ڕێگەی ئەم خولەوە بتوانن باشترین کورتەفیلمەکان بناسێنن و هانی سینەماکاران بدەن بۆ بەرهەمهێنانی کاری ناوازە کە بتوانێت لە ئاستە نێودەوڵەتییەکاندا کێبڕکێ بکات.
سەرچاوە: ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی