کیژان ئیبراهیم خەیات نوێترین بەرهەمی هونەریی بە ناوی 'شەڕڤان' بۆ شەهیدان بڵاوکردەوە
وێستگە ستایل-
کیژان ئیبراهیم خەیات نوێترین بەرهەمی هونەریی بە ناوی 'شەڕڤان' بۆ شەهیدان بڵاوکردەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
خانمە هونەرمەندی دەنگخۆش و ناسراوی کورد، کیژان ئیبراهیم خەیات، جارێکی دیکە بە بەرهەمێکی جیاواز و پڕ لە هەست گەڕایەوە نێو دنیای هونەر و نوێترین گۆرانی خۆی بە ناوی 'شەڕڤان' بڵاوکردەوە، کە ئەم بەرهەمە لە ڕووی تەکنیکی و ناوەڕۆکەوە تایبەتمەندی و بایەخی خۆی هەیە لەم قۆناغەی ئێستای هونەری کوردیدا.
ئەم خانمە هونەرمەندە لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هەوادارانی لە بڵاوکردنەوەی ئەم کارە نوێیەی ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم گۆرانییە دیارییەکی بچووک و وەفایەکی هونەرییە بۆ ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لە پێناو خاکدا فیدا کردووە. کیژان بە دەربڕینێکی پڕ لە ڕێزەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرهەمی شەڕڤان "پێشکەشە بە ڕۆحی هەموو شەهیدەکانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان".
ئەوەی ئەم بەرهەمە لە کارەکانی پێشووی کیژان ئیبراهیم خەیات جیا دەکاتەوە، سوودوەرگرتن و تێکەڵکردنی هونەرە لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم، بە شێوەیەک کە ئاواز و میوزیکی ئەم گۆرانییە بە تەکنیکی زیرەکی دەستکرد (AI) داڕێژراوە و بەرهەمهێنراوە. هۆنراوەی بەرهەمەکە لە لایەن شاعیر 'ئامانج عەلی'یەوە نووسراوە و لە هەمان کاتدا 'نیان مەحمود' بە دەنگە پڕ مانا و کاریگەرەکەی بەشدارە و هۆنراوەکە دەخوێنێتەوە، ئەمەش ڕەهەندێکی ئەدەبی و هونەریی قووڵتری بە کارەکە بەخشیوە.
کیژان ئیبراهیم خەیات، کە لە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری لەدایکبووە، پەروەردەی خێزانێکی ڕەسەن و تەواو هونەرییە. ئەو کچی هونەرمەندی کۆچکردوو و دەنگزۆڵاڵ 'ئیبراهیم خەیات'ە و زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەشی لە بوارەکانی نواندن، مۆسیقا و گۆرانیگوتندا خاوەن ناو و پێگەی دیارن. کیژان ساڵانێکی زۆرە خەریکی کاری هونەرییە و وەک سۆلیست و گۆرانیبێژێکی ئەکادیمی، بەشداری لە چەندین ئۆرکێسترای گەورە و جیهانیدا کردووە و هەمیشە هەوڵیداوە شێوازێکی جیاواز لە گۆرانی و موزیکی کوردی نیشانی جیهان بدات.
بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە نوێیە لەم کاتەدا، دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە ناوەندە هونەرییەکان و لە نێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووە، بەتایبەت کە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە کارێکی وەهادا وەک ئەزموونێکی نوێ دەبینرێت و هاوکات بووەتە مایەی سەرنجی گوێگران و هەوادارانی دەنگی ئەم خانمە هونەرمەندە.
PM:04:46:01/02/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه