هەوری سوپەرسێڵ ئاسمانی هەرێمی کوردستان دادەپۆشێت و کەشناسی هۆشداری لە بارانی لێزمە و بەفربارین دەدات
وێستگە ستایل-
هەوری سوپەرسێڵ ئاسمانی هەرێمی کوردستان دادەپۆشێت و کەشناسی هۆشداری لە بارانی لێزمە و بەفربارین دەدات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە نوێترین راگەیەندراویدا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان کە لە سبەی چوارشەممەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەوری سوپەرسێڵ، کە دەبێتە هۆی بارینی بارانی لێزمە و لە هەندێک ناوچەش بەفربارین لوتکەی چیاکان سپی پۆش دەکات.
بەپێی پێشبینییە چڕەکانی کەشناسی، هەرچەندە ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمانی ناوچە جیاجیاکان بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن، بەڵام ئەمە تەنها هێمنیی پێش زریانە، چونکە لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی چوارشەممەوە، سەرەتاکانی ئەم شەپۆلە لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکەن و دواتر بە خێرایی تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم شەپۆلە لەگەڵ خۆیدا بارانێکی زۆر و هەورەتریشقەی بەهێز دەهێنێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان کە زیاتر لە ١٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن، بارانەکە دەگۆڕێت بۆ بەفربارین. ئەم گۆڕانکارییە خێرایەی کەشوهەوا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێت و کەشێکی زستانەیی سەخت باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.
لە درەنگانی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەدا، کاریگەریی ئەم شەپۆلە دەگاتە لوتکە و هەورە سوپەرسێڵەکان لە ئاسمانی ناوچەکانی دهۆک، زاخۆ، سلێمانی، چەمچەماڵ، باکووری کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان چڕ دەبنەوە. لەو کاتانەدا ئەگەری بارانی لێزمە و هەورەتریشقەی توند هەیە، کە پێویست دەکات هاوڵاتیان و شۆفێران لە کاتی هاتوچۆدا لە رێگاوبانەکان و ناوچە نزمەکانداوپەڕی وریایی بگرنە بەر بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
ئەم بارودۆخە نالەبارەی کەشوهەوا لە چوارچێوەی ئەو شەپۆلە بارانبارینانەدا دێت کە ساڵانە لەم وەرزەدا روو لە ناوچەکە دەکەن، بەڵام توندی هەورەتریشقەکان و ئەگەری بارانی لێزمە لە ماوەیەکی کورتدا، وایکردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری وردی دۆخەکە بکەن. پسپۆڕانی کەشناسی پێشبینی دەکەن ئەم دۆخە تەنها بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەردەوام بێت و دواتر کاریگەرییەکانی بەرەو لاوازی بچێت.
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی پێنجشەممە کۆتایی بە کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەهێزە بێت و ئاسمان بەرەو روونبوونەوە بچێت، بەڵام شوێنەواری سەرما و شێدارییەکەی بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە. کەشناسی داوا لە هاوڵاتیان دەکات بۆ هەر گۆڕانکارییەکی کتوپڕ، بەردەوام چاویان لەسەر بڵاوکراوە فەرمییەکان بێت.
ئەم زانیارییانە پشت بە راگەیەندراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان دەبەستێت.
AM:11:39:27/01/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه